نرخی عومرە بۆ 550 دۆلار دادەبەزێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئێستا نرخی عومرە بە رێگەی ئاسمانی 550 دۆلارە.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 2-10-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی عومرە جیاوازە و لەنێوان 550 دۆلار بۆ 700 دۆلاردایە. ئەو هاونیشتمانیەی خزمەتگوزاری زیاتری دەوێت و دەیەوێت هۆتێلەکەی زۆر نزیک بێت لە ماڵی خودا، ئەوە گەشتەکەی گران دەبێت، هەرچەندە ئەوانەش کە بە 550 دۆلار گەشت دەکەن هوتێلەکەیان هەر 10 بۆ 15 خولەکێک دوورە."
بەگوتەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، "ئەوە یەکەمجارە لەمساڵدا گەشتی عومرە بە 550 دۆلار هەبێت کە ئەوە بەرێگەی ئاسمانییە، هۆکارەکەشی ئەوەیە؛ قوتابخانەکان کرانەوە و بەشێکی زۆر لە دایک و باوکان بەهۆی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، رەنگە نەتوانن ئێستا گەشت بکەن، زۆرجار لەکاتی رەمەزان و پشووەکاندا گەشتی عومرە زیاتر دەبێت و بەوەش نرخەکەی گران دەبێت، بەڵام کە گەشت کەمتر ببێت، بە دڵنیاییەوە نرخیش کەم دەبێت."
تاوەکو ئێستا وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان گەشتی عومرەی بەرێگەی وشکانی نییە. کاروان ستوونی دەڵێت، "لە بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە کارمان لەسەر ئەوە کردووە گەشتی عومرەمان بە پاس هەبێت و پلان بۆ ئەوەش دانراوە، تەنیا راگەیاندنی ماوە کە بەدڵنیاییەوە ئەمساڵ رادەگەیێندرێت. لە عێراق ئێستا بەبێ خزمەتگوزاری واتا بەبێ خواردن، گەشتی عەمرە بە رێگەی وشکانی بە 350 دۆلارە."