لە شرناخ ئۆپەراسیۆنێکی نوێی جەندرمە دژی پەکەکە دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
ژووری ئۆپهراسیۆنهكانی وهزارهتی ناوخۆی توركیا بڵاویکردەوە، لە سنووری پارێزگای شرناخ لە باکووری کوردستان و بە بەشداریی 1600 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان، فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە و هێزی گوندپارێزان، ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە ئابڵوقە - 38 دەستیپێکرد.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ساڵانە "ستراتیژیەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" دادەڕێژێت و بە ئۆپەراسیۆنە وەرزییەکان ناوی دەبات. رۆژی 17ی نیسانی 2022 قۆناخی یەکەمی زنجیرە ئۆپەراسیۆنی بەهار و هاوینە بەناوی ئابڵوقە لە ئامەدی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو.
وەکو لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیادا هاتووە، رۆژی یەکشەممە 2ی تشرینی یەکەمی 2022 ئۆپەراسیۆنی ئابڵوقە - 38 لە سنووری پارێزگای شرناخ بە بەشداریی 1600 سەرباز و ئەندامی دیکەی هێزە ئەمنییەکان بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە و لە ئەنجامی زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ناوخۆ کە لە باکووری کوردستان بەڕێوەدەچن، 98 گەریلا گیانیان لەدەستداوە و 14 سەرباز کوژراون. هەپەگەش لەم ئۆپەراسیۆنانەدا کوژرانی 24 سەرباز و گیانلەدەستدانی 12 گەریلای راگەیاندووە.
دوای شکستهێنانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە ساڵی 2015دا، شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لەنێوان سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دژی گەریلاکانی پەکەکە لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان هەڵگیرسایەوە و تاوەکو نیسانی 2016ی خایاند.
لە سەرەتای ساڵی 2017وە ژووری ئۆپهراسیۆنهكانی وهزارهتی ناوخۆی توركیا پێنج جۆر زنجیرە ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و سەربازیی لە باکووری کوردستان بە ناوەکانی "شکێنەر، تەڵە، هەورەبرووسکە، باگۆک، ئەرەن و ئابڵوقە"ی دژی گەریلاکانی پەکەکە لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان و دوورەدەستەکان لە باکووری کوردستان ئەنجامداوە.