گەیمەرێک دەڵێت 15 هەزار دۆلارم لە یاریی پەبجی خەرجکردووە؛ 'هاوڕێم هەیە 15 دەفتەری خەرج کردووە'
رووداو دیجیتاڵ
یارییە ئەلیکترۆنییەکان رۆژانە پارەیەکی "زۆر" لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەکێشنەوە. گەیمەرێک دەڵێ، 15 هەزار دۆلارم لە یاریی پەبجی خەرجکردووە. سەرۆکی یەکێتیی عێراقی بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکان بابەتەکە بۆ "حەز و خۆشگوزەرانی" دەگەڕێنێتەوە.
هەفتانە 400 هەزار بەکارهێنەری "کارا"ـی یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە عێراق هەن. ئاری خەلیل، گەیمەر، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "15 هەزار دۆلارم لە یاریی پەبجی خەرج کردووە. بەڵام بەهۆی یارییەکەوە دوو دووکانم داناوە و بەشداریم لە پاڵەوانێتیی جیهانیش کردووە."
رۆژانە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پارەیەکی "زۆر" لە یارییە ئەلیکترۆنییەکان خەرج دەکرێ. سێبوور محەممەد، دووکاندارە لە بازاڕی هەولێر، لە بەرپرسیار، گوتی: "منداڵی تەمەن پێنج ساڵیش داوای کارتی پەبجی دەکەن. جارێکیان دوو منداڵ هاتن و چوار ملیۆن دیناریان لابوو داوای کارتیان دەکرد. بەدواداچوونم کرد و باوکیانم دۆزییەوە، بەمنی گوت ئاسایش ئاگاداردەکامەوە، قەرزاری کردمەوە."
بڵند هێمن، تەمەنی 14 ساڵە، بەکارهێنەری یاریی پەبجییە و لە لیڤڵی 67ـە، بە رووداوی گوت: "20 ئەکاونتم سووتاوە، هاوڕێم هەیە نزیکەی 15 دەفتەری بە یوسی (UC) داوە تاوەکو ئەکاونتەکەی بەهێزبێت."
بەپێی ئاماری سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق هەفتانە نزیکەی 400 هەزار کەس بەردەوام سەرقاڵی یارییە ئەلیکترۆنییەکانن. بەپێی ماڵپەڕی ستاتیستا بۆ ئامارەکانیش، ساڵی رابردوو قەبارەی بازاڕی یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە جیهاندا 396 ملیار دۆلار بووە.
حەیدەر جەعفەر، سەرۆکی یەکێتیی عێراقی بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکان، لە بەرپرسیار، گوتی: "باشترین یاریزانەکانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە هەرێمی کوردستانن. بەکارهێنەری یاریی ئەلیکترۆنی پێویستە تەمەنی سەرووی 16 ساڵ بێ. سێ بۆ کاژێر رۆژانە یاریکردن پێویستی بە پشوویەک و وەرزشکردنە."
بە گوتەی سەرۆکی یەکێتیی عێراقی بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکان، ساڵانە لە عێراق نزیکەی 550 ملیۆن دۆلار بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکان خەرج دەکرێن و زۆربەی سوودەکەش بۆ دروستکەری یارییەکەیە، "لە کۆتاییدا بۆ خۆشگوزەرانییە".
لە بازاڕی مۆبایل فرۆشانی شارەکانی هەرێمی کوردستان یوسی پەبجی دەفرۆشرێ، نرخەکەش لە 7 هەزارەوە دەستپێدەکات تاوەکو حەزی کڕیار، جگە لە یوسی پەبجی، کۆینی تیکتۆکیش خواستی زۆری لەسەرە.
دڵگەش محەممەد، فرۆشیارە لە بازاڕی هەولێر، بە رووداوی گوت: "یوسی تەنیا بۆ ئەوەیە جل و شتەکانی نێو پەبجی بکڕیت کۆمپانیاش لەگەڵ هەر نوێکردنەوەیەک شتەکان دەخاتەوە دۆخی جارانی و سفری دەکاتەوە".
بەپێی ئامارە جیهانییەکانیش قەبارەی بازاڕی یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە جیهان بە 217 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، مەزەندەش دەکرێت ساڵی 2023 تاوەکو 2030ـش ساڵانە بەڕێژەی 13.4٪ قابارەکە زیاد دەکات.