سوپای تورکیا لە چیای جوودی ئۆپەراسیۆنی دەستپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێ، هێزەکانی جەندرمە لە چیای جوودیی سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان لە دژی گەریلاکانی پەکەکە ئۆپەراسیۆنی دەستپێکردووە.
عەلی یەرلیکایا، ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئەیلوول لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بە سەرپەرشتی هەواڵگری فەرماندەیی گشتیی جەندرمە و سەرۆکایەتی فەرمانگەی بەشی تیرۆر، لە ئەنجامی کارە هەواڵگرییەکانی فەرماندەیی جەندرمەی شرنەخ و بە بەشداریی هێزی تایبەتی جەندرمە و گوندپارێزان، ئۆپەراسیۆنی زەوینی "گورز-12" لە چیای جودی ئەنجامدرا.
یەرلیکایا دەڵێ، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ئەشکەوتێکدا کە جبەخانەی پەکەکەی تێدا بووە، 753 نارنجۆکی دەستی، 1000 پیمی نارنجۆک، 11 کڵاشینکۆف، پێنج قەناس، سێ ئارپیجی، دوو تفەنگی لوولە درێژ، دوو کیلۆ تەقەمەنی و ژمارەیەکی زۆر لە پێداویستییەکانی ژیان دەستیان بەسەردا گیراوە.
لە چەند ناوچەیەکی باکووری کوردستان شەڕ نێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە و سوپای تورکیا بەردەوامە. عەلی یەرلیکایا رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئەیلوول رایگەیاند، لە لادێکانی شارۆچکەی نوسێبینی سەر بە پارێزگای مێردین، شەڕ لە نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سەربازانی سوپای تورکیا روویداوە و دوو گەریلا گیانیان لەدەستداوە.