چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی کەرکووک: داوا لە لایەنەکان دەکەین خۆیان لە گوتاری تووند بەدووربگرن

رووداو دیجیتاڵ

چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە پەیامێکدا داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات لەبارەی کەرکووک خۆیان لە "گوتاری تووند" بەدووربگرن. 
 
لە راگەیێندراوێکدا کە درەنگانی رۆژی شەممە (2-9-2023) بڵاویکردەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، "بەوپەڕی گرنگییەوە چاودێریی پێشهاتەکانی رووداوەکانی پارێزگەی کەرکووک، خۆپێشاندان و ناڕەزایی و تووندوتیژییەکانی دەکەین کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی و سووتان و وێرانبوونی سامانی تایبەت."
 
ئەو هاوپەیمانێتییە کە بەشی زۆری پارتە شیعەکانی عێراقی تێدایە، دەڵێت "جەخت دەکەینەوە کە تووندوتیژی و گرژبوونی دۆخەکە، نابێتە چارەسەر لەنێوان لایەن و پێکهاتەکانی شارەکەدا؛ هەروەها پشتیوانیی خۆمان بۆ هەموو رێوشوێنێکی حکومی دەردەبڕین کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بڕیاری لەسەر داوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی و پاراستنی سەقامگیریی پارێزگاکە."  
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەروەها داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکان دەکات "خۆیان لە گوتاری تووند بەدووربگرن و کار لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە بکەن و پشتیوانی لە دەزگا ئەمنییەکان بکەن بۆ ئەوەی بە ئەرکی خۆیان هەستن لە پێناو پاراستنی سامانی گشتی و تایبەت،" دەشڵێت، "جەخت دەکەینەوە کە سەقامگیریی کەرکووک، بەرپرسیارییەتی هەمووانە."
 
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە کاژێر 17:00 هاونیشتمانیان لە کەرکووک دەستیان بە خۆپێشاندان کرد، ئەوەش وەک ناڕەزایی دەربڕین لە بەرامبەر داخستنی رێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک - هەولێر لە لایەن بەشێک لە عەرەب و تورکمانەوە کە دژی ئەوەن بارەگاکانی پارتی لە شارەکە رادەستی ئەو حیزبە کوردستانییە بکرێنەوە. 
 
دواتر خۆپێشاندانەکە گرژی لێکەوتەوە و تەقە لە خۆپێشاندەران کرا. 
 
رۆژی یەکشەممە 03-09-2023، عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ژمارەی شەهیدەکان لە خۆپیشاندانەکە گەیشتووەتە سێ کەس بە ناوەکانی هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار سەعید کە پێشمەرگەن و سەمەد محەممەد رەمەزان کە خەڵکی سڤیلە و لەدایکبووی 2002ـە. هەر سێکیان بە فیشەک لە رەحیماوا شەهیدکراون."
 
لەبارەی ئاماری بریندارەکانیش عامر شوانی گوتی، تاوەکو ئێستا برینداربوونی 9 کەس پشتڕاستکراوەتەوە.