گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک: ژمارەی شەهیدەکانی خۆپێشاندانەکە بۆ سێ کەس بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئێوارەی شەممەوە لە خۆپیشاندانەکەی کەرکووک گیانیان لەدەستداوە، بۆ سێ کەس بەرزبووەتەوە و نۆ برینداریش لە نەخۆشخانەن.
رۆژی یەکشەممە 03-09-2023، عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ژمارەی شەهیدەکان لە خۆپیشاندانەکە گەیشتووەتە سێ کەس بە ناوەکانی: هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار سەعید کە پێشمەرگەن و سەمەد محەممەد رەمەزان کە هاونیشتمانیی سڤیلە و لەدایکبووی ساڵی 2002ـە. هەر سێکیان بە فیشەک لە رەحیماوا شەهیدکراون."
لەبارەی ئاماری بریندارەکانیش، عامر شوانی گوتی، تاوەکو ئێستا برینداربوونی 9 کەس پشتڕاستکراوەتەوە.
ماوەی حەوت رۆژە بەشێک لە عەرەب و تورکمانی کەرکووک لەسەر رێگەی سەرەکی هەولێر – کەرکووک خێوەتیان هەڵداوە و رێگەکەیان گرتووە.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک پێیوایە "ئەو خۆپێشاندەرانەی رێگەی هەولێریان گرتووە هاووڵاتی ئاسایی نین؛ خۆپێشاندانەکە زیاتر کارێکی سیاسییە، ئەگینا ئەوە لە توانای هاووڵاتیدا نییە، بێت کۆنکرێت دابنێت و رێگە دابخات. دەستی لایەنی دیکە هەیە لەنێو ئەم بابەتەدا و کردنەوەی رێگەکەش بە پۆلیس ناکرێت و دەبێت لایەنی سیاسی دەستپێشخەری بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە."