رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت لە گرژییەکانی نێو خۆپێشاندانەکانی کەرکووک، کەسێک گیانی لەدەستدا و بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دۆخەی لە کەرکووک هەیە، قەدەخەی هاتووچۆ لە شارەکە راگەیێندرا.
رۆژی شەممە، 02-09-2023 کوردانی کەرکووک دژی داخستنی رێگەی هەولێر-کەرکووک لە لایەن بەشێک لە عەرەب و تورکمان گردبوونەوە و دواتر گرژی دروستبوو و
تەقە بەڕوویاندا کرا.
عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک کەمێک لەمەوبەر (ئێوارەی شەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی ئەو دۆخەی شارەکەی گرتووەتەوە، بۆ ماوەی 24 کاژێر قەدەخەی هاتووچۆیان راگەیاندووە، هەروەها گوتی لە گرژییەکانی ئەم ئێوارەیەدا "کەسێک گیانی لەدەستدا و هەشتی دیکە بریندار بوون."
پۆلیسی کەرکووک لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "داوا لە هەموو هاووڵاتییان دەکەین، بگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونیان و شەقام چۆڵ بکەن؛ بە هوتاف و گوتەی ناڕاست هەڵنەسووڕێن، فەرماندەیی پۆلیس قەدەخەی هاتووچۆ لە هەموو لایەکی شار دەسەپێنێت و داوادەکەین هەموو لایەک پێوەی پابەندبن."
خۆپێشاندانی کوردان لە کەرکووک دوای ئەوە دێت، لە 27ـی ئابەوە بەشێکی عەرەب، تورکمان و لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە، خێوەتیان هەڵداوە و رێگەیان گرتووە؛ ئەوان نایانەوێت ئەو شوێنە کە پێشتر بارەگای پارتی بووە، رادەستی ئەو پارتە کوردستانییە بکرێتەوە.
خۆپێشاندانی بەشێکی عەرەب و تورکمان لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و داخستنی رێگەی کەرکووک - هەولێر لە دەروازەی شارەکە رێگەیەکی پێنج خولەکیی لە خەڵک و شۆفێران کردووەتە زیاتر لە کاژێرێک. بەهۆی ئەوەی خێوەتیان لە هەردوو سایدی رێگەکە هەڵداوە.
لە خۆپێشاندانەکەی کورداندا ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 2-9-2023) لە کەرکووک، گرژی دروست بوو و دواتر تەقە کرا. هەردی محەممەد پەیامنێری رووداو لەنێو خۆپیشاندەرانەوە گوتی "تەقە بەڕووی خۆپێشاندەرانەوە دەکرێت و تەنانەت سەربازی سوپام لێ دیارە کە گوللە بە رووی خۆپێشاندەراندا دەتەقێنێت."