لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ئامەد سێ کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان لە رووداوێكی هاتووچۆدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە ئەمڕۆ هەینی 2ی ئابی 2024 لەسەر رێگەی نێوان شارۆچکەی ئەرخەنی و شاری ئامەد لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل روویدا. یەکێک لەوانەی گیانی لەدەستداوە منداڵە.
دوای گەیشتنی تیمەکانی تەندروستی و پۆلیس بریندارەکان گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە.
بەهۆی رووداوەکەوە بەشێکی رێگەکە بەڕووی هاتووچۆدا داخرا، لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکەش دەستیپێکردووە.
شەوی پێنجشەممەش لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان لە رووداوێکی هاتووچۆدا پێنج منداڵ گیانیان لەدەستدا و سێ کەسیش بریندار بوون، کە سەرجەمیان ئەندامی یەک بنەماڵەن.
رووداوەکە کاژێر 21:30 خولەکی شەوی پێنجشەممە 1ی ئاب لە نزیک باخی ئەیوبییە لە ناوەندی شاری رووها روویدا. ئۆتۆمبێلێک لە کۆنترۆڵ دەرچوو و خۆی بەو خەڵکەی لەسەر شۆستەکە دا بوون کێشا و دواتر خۆی بە دوو ئۆتۆمبێلی دیکەدا کێشا.
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی رووها دەستیپێکردووە، هەوڵەکانیش بۆ دەستگیرکردنی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بەردەوامن، کە دوای رووداوەکە هەڵاتووە.