ئەمریکا: 95٪ی کارەکانی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەکەمان لە هەولێر تەواو بوون
رووداو دیجیتاڵ
پشکنەری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، 95٪ی کارەکانی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە هەولێر تەواو بوون و، بڕیارە مانگی تەممووزی ساڵی داهاتوو بکرێتەوە.
پشکنەری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دوایین راپۆرتیدا کە بۆ کۆنگرێسی وڵاتەکەی ناردووە و رۆژی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، باسی لەوە کردووە، کارەکانی دروستکردنی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر نزیکبووەتەوە لە تەواوبوون و ساڵی داهاتوو دەوامی تێدا دەکرێت.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، "95٪ی کارەکانی دروستکردنی باڵەخانەکە تەواوبوون و پلان ئەوەیە لە مانگی تەممووزی 2025 باڵەخانەکە بکرێتەوە و دەوامی تێدابکرێت."
بەپێی پلانی سەرەتایی دروستکردنی باڵەخانەکە، بڕیار بوو زووتر کارەکانی تەواوبکرێن. لەبارەی دواکەوتنی کارەکان، پشکنەری گشتیی ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی "پەتای کۆرۆنا و هەڕەشەی جیدیی ئەمنی" کارەکان دواکەوتن.
بڕیارە تاوەکو کۆتایی مانگی ئایاری ساڵی داهاتوو، لە کۆی دوو هەزار و 436 ژووری باڵەخانەکە، پشکنین بۆ هەزار و 753یان بکرێت. بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش، 50٪ی ژوورەکان پێشتر پشکنینیان بۆ کراوە و پێویستیان بە هیچ دەستکارییەکی دیکە نابێت.
لەگەڵ بەردەوامبوونی کارەکانی دروستکردنی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا، ئێستا راهێنان بە ستاف و کارمەندانی نوێی کۆنسوڵخانەکە دەکرێت.
باڵەخانەکە لە هاوینی 2018ـەوە لەلایەن ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکی، خۆجێی و بیانی دەست بە بونیادنانی کراوە و دەبێتە گەورەترین کۆنسوڵخانە لەسەر ئاستی جیهان کە رووبەرەکەی 200 هەزار مەتر دووجایە.
کۆمەڵگە دیپلۆماسییەکەی ئەمریکا ژمارەیەک باڵەخانە لەخۆدەگرێت، لەوانە کۆنسوڵخانە، شوێنی حەوانەوەی هێزی مارێنز کە پاسەوانی لە کۆمەڵگەکە دەکەن، لەگەڵ چەند نووسینگەیەکی دیکە.
کۆمەڵگەکە بە شێوەیەکی ژینگەدۆست بۆ کەمکردنەوەی بەکاربردنی ئاو و کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان دروستدەکرێت و بڕیارە لە یەک کاتدا، ستافێکی 400 کەسی تێیدا کاربکات.