ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر بودجە و بەنزین کۆدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەبارەی بودجە، کارەبا و بەنزین کۆدەبێتەوە. 
 
لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە 02-08-2023ـی ئەنجوومەنی وەزیراندا دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023 و 2024 و2025 و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و رێڕەوی دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکرێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا باس لە دۆخی کارەبا و بەنزین لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەوەش دوای ئەوە دێت چەند رۆژێکە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بەرزبووەتەوە. 
 
بڕیارە لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا پڕۆژەی پێدانی پارە بە شێوەی ئەلیکترۆنی و پرۆژەی خەرجکردنی مووچە لە رێگەی هەژماری بانکییەوە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت. 
 
کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە، تاوەکو ئەمڕۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی حوزەیرانیان وەرنەگرتووە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش چاوەڕوانی گەیشتنی پارەیە لە بەغداوە بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات.