قایمقام: هاتووچۆی دەربەندیخان کەمتەرخەم بووە لە رێکخستنەوەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی دەربەندیخان رایدەگەیێنێت، "بڕیاربوو تونێلی دەربەندیخان بۆ ماوەی 24 کاژێر دابخرێت، بەڵام ئاگادارکراینەوە کە پێویستە 24 کاژێری دیکە دابخرێت و ئێمە گرفتمان لەگەڵ ئەوە نەبووە، بەڵام هاتووچۆی دەربەندیخان کەمتەرخەم بوون لە رێكخستنەوەی ئۆتۆمبێلەکان و نەدەبوو رێگە بەوە بدەن لە کاتی داخستنی تونێلەکەدا بارهەڵگر رێگەی شاخی بەرانان بەکاربهێنێن."
بەهۆی قیرتاوکردنی دوو سایدی بەردەم تونێلی دەربەندیخان، کاژێر 06:00 ـی بەیانی رۆژی سیشەممە 1ـی ئاب تاوەکو رۆژی چوارشەممە 2ـی ئاب تونێلەکە داخرا. بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دەربەندیخان، بڕیار بوو بەیانی ئەمڕۆ هاتووچۆ دەستپێبکاتەوە و تونێلەکە تەنیا 24 کاژێر دابخرێت، بەڵام بەهۆی وشکنەبوونەوەی قیرتاوەکە کردنەوەی تونێلەکە بۆ رۆژی پێنجشەممە دواخرا.
لە کاتی داخستنی تونێلی دەربەندیخان، بڕیار بوو ئۆتۆمبێلی بچووک رێگەی شاخی بەرانان بەکاربهێنن و بارهەڵگرەکانیش رێگەی سەنگاو بەکاربهێنن، بەڵام ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 1ـی ئاب رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە شاخی بەرانان روویدا؛ بارهەڵگرێک بەسەر ئۆتۆمبێلکدا کەوت و بەهۆیەوە پێنج کەس کە ئەندامی یەک خێزان بوون گیانیان لەدەستدا و ئەوەش کاردانەوەی لێکەوتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 02-08-2023 سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان لەبارەی داخستنی تونێلەکەوە بە رووداوی گوت، "داوامان لێکرا تونێلی دەربەندیخان دابخرێت بە مەبەستی قیرتاوکردنی دوو سایدی پێش تونێلەکە، وا رێککەوتین سایدێکی چاکبکرێت و دواتر سایدێکی دیکە چاکبکرێت. دواتر ئەندازیارەی تونێلەکە لەگەڵ هاتووچۆی دەربەندیخان گفتوگۆی کردبوو کە ئەگەر قیربکرێت، دەبێت بۆ ماوەی 24 کاژێر هیچ ئۆتۆمبێلێکی پێدا نەچێت، ئەو کات رێککەوتین بۆ ماوەی 24 کاژێڕ تونێلەکە دابخرێت و هەردوو سایدەکە قیرتاو بکرێت."
بە گوتەی قایمقامی دەربەندیخان، "دوای ئەوەی بڕیاردرا تونێلەکە بۆ ماوەی 24 کاژێر دابخرێت، لەگەڵ هاتووچۆی دەربەندیخان رێککەوتین و راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، بە ئاگاداری قایمقامی دەربەندیخان و لەسەر داوای رێگەوبان بۆ ماوەی 24 کاژێر رێگەی تونێلەکە دادەخرێت و ئۆتۆمبێلی بچووک بە رێگەی شاخی بەرانان و بارهەڵگر بە رێگەی سەنگاو هاتووچۆ دەکەن."
سلێمان محەممەد دەڵێت، "دوای تەواوبوونی ئەو 24 کاژێرەی دیاریکرابوو، ئەندازیاری تونێلەکە ئاگاداری کردینەوە کە پێویستیان بە 24 کاژێری دیکەیە و ئێمەش رێگەمان پێدان، چونکە قیرتاوی پێش تونێلەکە وشکنەبووەوە، بەڵام هاتووچۆی دەربەندیخان لە رێکخستنەوەی ئۆتۆمبێلەکان کەمتەرخەم بوون، چونکە بڕیار بوو رێگەی شاخی بەرانان تەنیا بۆ تۆئۆمبێلی بچووک بێت و بارهەڵگر بە رێگەی سەنگاو هاتووچۆ بکەن؛ پێویست بوو هاتووچۆ رێگەوبانەکان رێکبخەنەوە و ئۆتۆمبێلی بچووک و بارهەڵگر لە یەکدی جیابکەنەوە، ئێمە بەرپرسیارێتی ئەو رێگەیە لە ئەستۆ ناگرین، چونکە ئەوە کاری ئەوانە."
بڕیار بوو کاژێر 6ـی بەیانی سبەی پێنجشەممە تونێلی دەربەندیخان بکرێتەوە، بەڵام قایمقام دەڵێت، "دوێنێ دوای رووداوەکە هەردوو سایدەکەمان کردەوە و هاتووچۆ بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک کراوەتەوە."
رۆژی سێشەممە 01ـی ئاب بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دەربەندیخان دوای رووداوە هاتووچۆکەی شاخی بەرانان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و گوتی، "بەهۆی ئەنجامدانی پڕۆژەی قیرتاوکردنی بەردەم تونێل و نالەباری هەڵکەوتە و هەلومەرجی رێگە جێگرەوەکانی سنوورەکەمان و کارکردن لەرێگەی ناوتاق و بەردەم تونێل لەیەک کاتدا بێگومان دەبێت چاوەڕێی کارەساتێکی لەم شێوە بکەین."
هاتووچۆی دەربەندیخان دەڵێت، "سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بەهۆی کەمتەرخەمیان لە ئاست بەرپرسیارێتی و رێکنەخستنی کات و پچڕ پچڕ ئەنجامدانی پڕۆژەکان، ماوە ماوە داخستنی تونێلەکەی لێ دەکەوێتەوە، لەکاتێکدا دەکرێت یەکجار بۆ کاتێكی دیاریکراو تونێلەکە دابخرێت و پڕۆژەکانی پەیوەندیدار بە تونێلەکە تەواوبکرێن."
بەپێی روونکردنەوەکەی هاتووچۆی دەربەندیخان بێت، گوێ بە هۆشدارییەکانیان نەدراوە و دەڵێت، "سەرەڕای ئەوەش، راوێژنەکردن و گوێ پێ نەدان بە هۆشدارییەکانی ئێمە لە مەترسی و دەرهاویشتەکانی داخستنی تونێلەکە، بە راستی هاوارمان کرد کە ئێستا وەرزی هاوینە و سەختی شاخی بەرانان و لۆد و قورسایی لەسەر رێگاکە کارساتی لێ دەکەوێتەوە و لەم کاتەدا کە رێگەی ناوتاقیش کاری تێدا دەکرێ، داخستنی تونێل باش نابێت".