کۆمەڵەی پزیشکانی جوانکاری: ساڵانە 42 هەزار نەشتەرگەریی جوانکاری لە کوردستان دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی جوانکاریی کوردستان رایدەگەیێنێت لە هەرێمی کوردستان 87 پزیشکی پسپۆری جوانکاری هەن، کە هەفتانە نزیکەی 870 نەشتەرگەریی جوانکاری دەکەن و نەشتەرگەریی لووتیش لە رەگەزی مێ و نێردا بە پلەی یەکەن دێت.
د. شاخەوان سائیب، سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی جوانکاریی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئابی 2021، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەر پزیشکێکی جوانکاری لە هەرێمی کوردستان هەفتانە 10 نەشتەرگەریی جوانکاری دەکات، کە هەفتانە دەکاتە 870 نەشتەرگەری، مانگانە نزیکەی 3500 نەشتەرگەریی جوانکاری و لە ساڵێکیشدانزیکەی 42 هەزار نەشتەرگەریی جوانکاری".
سەبارەت بە رەگەزی ئەو کەسانەی زۆرترین نەشتەرگەریی دەکەن و هەروەها زۆرترین جۆری نەشتەرگەری، ئەو پزیشکە گوتی: "نزیکەی 70%ی ئەوانەی نەشتەرگەریی جوانکاری دەکەن لە رەگەزی مێن، لەنێو رەگەزی مێ نەشتەرگەریی جوانکاریی لووت بە پلەی یەکەم دێت، دوای ئەوە نەشتەرگەریی پێڵووەکانی چاو، دەرهێنانی چەوری ورگ، جوانکاری راکێشانی دەموچاو بەرزکردنەوەی برۆ و جوانکاریی سینگ دێت".
هەرچی ئەو نەشتەرگەرییانەی جوانکارییە کە لە نێو پیاواندا بەربڵاون، د. شاخەوان سائیب، سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی جوانکاریی کوردستان گوتی: "بەپێی ئامارەکانی ئێمە لەنێو پیاوانیشدا نەشتەرگەریی جوانکاریی لووت لە پلەی یەکەمە، دواتر پێلووی چاو ، چرچولۆجی دەموچاو، چاندنەوەی قژ و دەرهێنانی چەوری دێن".
کۆتایی مانگی تەممووزی رابردوو ئهنجوومهنی باڵای فهتوا له كوردستان، فەتوایەکی سەبارەت بە نەشتەرگەری جوانکاریی دا و رایگەیاند: "نهشتهرگهریی جوانكاریی ناپێویست واته تهنیا لهبهر جوانكاری بکرێت وهك بچووككردنهوهی دهم و لووت و گوێچكه، یان بهرزكردنهوه دهم و لێو كوڵم و روومهت، یان لابردنی چرچ و لۆچی دهم و چاو..هتد، تێكڕایان حهرامن و گوناهێكی گهورهیه".
د. شاخەوان سائیب، سەبارەت بەو فتوایە گوتی: "باشتربوو پێش فەتواکە بۆچوونی لایەنی پەیوەندیدار وەربگیرێت تاوەکو روونکردنەوەی تەواو بدرێت، هەروەها پێویستی نەدەکرد فتوای تەحریم بدرێت، ئێمەش وەکو پزیشکانی جوانکاری لەگەڵ ئەوە نین نەشتەرگەرییەک بکرێت کە زیان بەنەخۆش بگەیەنێت، نەشتەرگەریش زانستە و دەخوێندرێت و ئەویش بنەمای خۆی هەیە".
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی فەتواکە لەسەر رێژەی نەشتەرگەری جوانکاری، گوتی "کاریگەریی ئەو فەتوایە لەسە ئەو کەسانەی دەیانەوێت نەشتەرگەری بکەن کەم دەبێت و ناگاتە 5٪، بەڵام ئەوەی هەیە ئەوەیە کاریگەریی فەتواکە خراپە و هاندانێکی خراپە لەدژی پزیشکانی نەشتەرگەری جوانکاری و کلینیکەکانی تایبەت بە جوانکاری، بۆ نموونە رەنگە گەنجێکی خوێنگەرم بە کاریگەری ئەو فەتوایە پەلاماری ئەو شوێنانە بدات، بۆیە نەدەبوو ئەو فەتوایە بەشێوەی تەحریم بێت، دەبوو بەشێوەی ئاگادارکردنەوە بێت".
بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی جوانکاریی کوردستان بەشێک لەوانەی کەسانی پابەندن بە ئاینەوە و لەوانە مامۆستایانی ئاینی و کەسوکارەکانیان پەنا بۆ جوانکاری دەبەن.
بەپێی ئاماری کۆمەڵەی پزیشکانی جوانکاریی کوردستان، لە پارێزگای سلێمانی 53 پزیشکی نەشتەرگەری جوانکاری هەن، 30یان پزیشکی پسپۆڕن، ئەوانی دیکەش خوێندکار و موقیم ئەقدەمن، هەروەها لە پارێزگای هەولێر 64 پزیشکی نەشتەرگەری جوانکاری هەن، کە 50یان پزیشکی پسپۆڕن و ئەوانی دیکە خوێندکار و موقیم ئەقدەمن، لە پارێزگای دهۆکیش 11 پزیشکی جوانکاریی هەن کە 6یان پسپۆڕن.