وەزارەتی دارایی زیاتر لە 232 ملیار دیناری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرجکرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق، بڕیاری دا زیاتر لە 232 ملیار دیناری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرج بکات، سەرچاوەیەکیش لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە رووداوی گوت لیستی مووچە چۆن رادەگەیێنرێت.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ (سێشەممە، 2-7-2024) داوای لە یەکەی خەرجکردن کرد بڕی 184 ملیار و، 338 ملیۆن و 216 هەزار دیناری وەکو مووچەی مانگی حوزەیرانی خانەنشینانی مەدەنی و مووچەی خانەنشینانی سەربازی بۆ مانگی ئایار و حوزەیران بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
هەروەها وەزارەتی دارایی عێراق هەر ئەمڕۆ داوای کردووە بڕی 10 ملیار و 191 ملیۆن دیناری مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی چاودێری کۆمەڵایەتی بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندیی عێراق.
وەزارەتی دارایی عێراق داواشی کردووە بڕی 37 ملیار و 755 ملیۆن و 156 هەزار دینار وەکو مووچەی مانگی حوزەیرانی کەسوکاری ئەنفالکراوان و کیماباران و زیندانیانی سیاسی بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە راگەیاندنی لیستی مووچە بە رووداوی گوت "لیستی مووچە بەپێی ئەو شوێنانە رادەگەیێندرێت، کە وەزارەتی دارایی عێراق پارەکەی بۆ خەرجکردوون."