یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی وشکانی دەگەڕێنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی وشکانی لە وڵاتی سعودیەوە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێدەکەوێت.
 
رۆژی دووشەممە 02-07-2023 نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، سبەی 690 حاجی بە 30 پاس لە وڵاتی سعودیەوە بەڕێدەکەون و کاژێر 6:00ی بەیانیی رۆژی سێشەممە دەگەنە دەروازەی عەرعەر و راستەوخۆ دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
 
بە گوتەی نیاز نەقشبەندی، ئەو 30 پاسە، هەشتیان لە پارێزگای دهۆک و زاخۆن، 10 پاسی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و 12 پاس هی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیانە کە هەر پاسێک 23 حاجیی تێدایە.
 
7ی تەممووز یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی ئاسمانی دەگەنەوە هەرێمی کوردستان. نیاز نەقشبەندی دەڵێت، "کاژێر 4:00ی ئێوارەی رۆژی 7ی ئەم مانگە 350 حاجی دەگەنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر."
 
ئەمساڵ، چوار هەزار و 685 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونە مەککە، کە 720ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی سەردانی مەککەیان کرد. بۆ ئەمساڵ، تێچووی حەج بە رێگەی ئاسمانی 4500 و بە وشکانیش 3800 دۆلار دیاریکرابوو.
 
یەکەم گەشتی هاونیشتمانییان بۆ سعودیە 9ی حوزەیران بە رێگەی وشکانی دەستیپێکرد؛ گەشتی ئاسمانیش لە 12ی حوزەیرانەوە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە دەستیپێکرد.