رێواز فایەق ماڵئاوایی لە فەرمانبەرانی پەرلەمانی کوردستان کرد: مرۆڤ باش و خراپیش دەکات

 
رووداو - هەولێر

رێواز فایەق، سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەش بە بەشی پەرلەمانی کوردستان گەڕا بۆ ماڵئاوایی لە کارمەند و پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستان، دوای گەردن ئازادی بە هەمووانی گوت، "ئەوەی کار نەکات هیچی لەدەست ناقەومێت، بۆیە مرۆڤ کاری باش و خراپیش دەکات."
 
رێواز فایەق، سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان داوای لێبووردنی لە فەرمانبەرانی پەرلەمان کرد لە هەر شتێک کە بووە و گوتیشی، "مرۆڤ باشیش دەکات و خراپیش دەکات، خودا ئاگای لێتانبێت و ئاگاتان لە پەرلەمان بێت."
 
بە نووسراوی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بۆ خانەنشینبوونی پەرلەمانتاران، خولی پێنجەم کۆتاییهات، لە نووسراوەکەدا ناوی 104 پەرلەمانتاری تێدایە، لەژێر رۆشنایی یاسای چاکسازی و بەگوێرەی تەمەن و خزمەت، مووچەکانیان لەنێوان ملیۆنێک و 800 هەزار بۆ چوار ملیۆن دینار دەبێت، تەنیا حەوت پەرلەمانتاریش، سیانیان کە پێشتر لە فراکسیۆنی گۆڕان بوون، لەگەڵ چوار پەرلەمانتاری نەوەی نوێ مووچەی خانەنشینییان رەتکردووەتەوە.
 
هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "ئەو پەرلەمانتارانەی لەدوای 06-11-2022 سوێندی یاساییان خواردووە، خانەنشین بوون نایانگرێتەوە."
 
ئێستا لە پەرلەمان بێدەنگییە و دەرگای لیژنەکان و فراکسیۆنەکان داخراون. تەمەنی خولی پێنجەم بە ئامانجی پەسندکردنی چەند پڕۆژەیاسایەک و لە سەرووی هەموویانەوە، هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، درێژ کرایەوە، بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، پەرلەمان ئامانجەکەی نەپێکا، بۆیە دەرگای کۆبوونەوەکانی پەرلەمان تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو بە داخراوی دەمێنێتەوە.
 
لە خولی پێنجەم 38 بڕیار و 46 پڕۆژەیاسا پەسند کران، شەش یاسا و 11 بڕیار بەهۆی بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵییەوە بە هەڵوەشاوە دادەندرێن، لەوانەش بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و یاساکانی پەروەردە و کار.
 
سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهاتووە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە پەرلەمان کۆتاییهاتووە، دیوانی پەرلەمان و فەرمانبەران لە ئەرکی خۆیان دەبن."
 
لە دەرەوەی پەرلەمان، لەگەڵ هەرکێ قسە دەکەیت تێبینیی لەسەر ئەدای خولی پێنجەمی پەرلەمان هەیە و چاوەڕوانی زیاتر بوون.
 
بۆتان سلێمان، کتێبفرۆش ئاماژە بەوە دەکات، "پەرلەمان بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە، ئەوەندەی خەریکی ئەولا و ئەولا بوون، کە پێویستیشی نەکردووە، ئەو کارانە نەبووە بزانن خەڵک چی دەوێت."
 
رەوەند حەکیم، خوێندکار گوتی، "ئەو چوار ساڵەی ئێمە تێبینیمان لەسەر هەبوو، کەمترین کار بۆ خزمەتکردن بە بەرژەوەندیی خەڵک کرا."
 
رۆژی 30-05-2023 دادگەی فیدڕاڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی بە نادەستووری دانا، بۆیە ئێستا هەرێمی کوردستان لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە، ئەو هەڵبژاردنەی روون نییە ئەمساڵ یان ساڵی داهاتوو ئەنجامدەدرێت.