بۆ یەکەم جار زەردەزێڕە لە گەرمیان دەچێندرێت؛ 'دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی گەنم و جۆ'


رووداو دیجیتاڵ 

جووتیارێکی خەڵكی کەلار بۆ یەکەم جار لە گەرمیان 180 دۆنم زەویی دەکاتە زەردەزێڕە و کشتوکاڵی گەرمیانیش دەڵێت، دەتوانرێت وەکو جێگرەوەی گەنم و جۆ سوودی لێ وەربگیردرێت.
 
ساڵح عەبدوڵڵا لە رێگەی جووتیارێکی عەرەبەوە تۆوی زەردەزێڕەی دەستکەوتووە. ئەو جۆرە رووەکە بۆ بەرهەمهێنانی رۆنی شل سوودی لێوەردەگیرێت، لە دۆنمێک زەوییدا هەشت کیلۆ دەچێندرێت و 500 کیلۆ بەرهەمی دەبێت، ئەو جووتیارەش دەیەوێت زەردەزێڕە بکاتە رۆنی شل و بیخاتە بازاڕەوە. 
 
جووتیارەکە بە رووداوی راگەیاند، "زەردەزێڕە بەرهەمێکی نوێیە، منیش حەزم کرد وڵاتەکەمانی لێ بێبەش نەبێت، چونکە زەیتێکی زۆر تەندروست و بەهایەکی خۆراکی و دەرمانیی باشی هەیە، هەروەها کێڵگە و لەوەڕگەیەکی باشە بۆ بەخێوکردنی هەنگ."
 
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی گەرمیان دەیەوێت وەکو جێگرەوەی گەنم و جۆ سوود لە زەردەزێڕە وەربگرێت.
 
ستار عەلی، گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەکو ئەمساڵ کە بینیمان سەرکەتووبوو لە ناوچەی گەرمیان، ئێمە دەتوانین ئەگەر هاتوو بازاڕی هەبوو، دەتوانین بۆ ناوچەی گەرمیان کە ناوچەیەکە تووشی کەمئاوی و بێ بارانی دەبێت، سوودی لێببینین و وەک جێگرەوەی گەنم و جۆ پشتی پێببەستین."
 
زەردەزێڕە بەراورد بە گەنم و جۆ ئاوی کەمتری پێویستە و لە مانگی کانوونی یەکەم دەچێندرێت و لە مانگی حوزەیران دروێنە دەکرێت.