دابەشکردنی مووچەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە دواخرا

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
 
مووچەی مانگی نیسانی لیوا هاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ دابەشبکرێت، بۆ رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دواخرا. 
 
بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە 02-05-2023 مووچەی لیوا هاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دابەش بکرێت، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دابەشکردنی مووچەکانیان بۆ رۆژی پێنجشەممە 04-05-2023 دواخراوە. 
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مانگانە 20 بۆ 25 ملیۆن دۆلار بۆ مووچەی پێشمەرگە دەنێرێت، ئەو پارەیەش بۆ 13 لیوایە و نزیکەی 30 هەزار پێشمەرگە لێی سوودمەند دەبن. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی لیوا هاوبەشەکان بۆ ئەوەیە لەهەموو پارێزگاکان لە یەک کاتدا دابەشبکرێت، چونکە ئەمڕۆ پارە دەگاتە سلێمانی و سبەی بەسەر بانکەکان دابەشدەکرێت، رۆژی پێنجشەممە لە سەرجەم پارێزگاکان پارە لە بانکەکان بەردەست دەبێت و مووچەکە دابەشدەکرێت. 
 
لە کۆی نزیکەی 170 هەزار پێشمەرگە، نزیکەی 44 هەزار پێشمەرگە لە چوارچێوەی 15 لیوای هاوبەشدا لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە رێکخراونەتەوە. هەر لیوایەکیش لە چوار فەوجەوە کراوەتە سێ فەوج.