لە دژی کورسیی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵا تۆمارکرا


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵای لەسەر ماددەی 36ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دژی رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکرد و دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی نادادپەروەری هەیە و کورسیی کۆتاکان تەنیا بۆ پێکهاتەکانی کریستیان و تورکمان دیاریکراوە، لەکاتێکدا پێکهاتەی دیکەش لە هەرێمی کوردستان هەن و دەبێت کورسییان هەبێت." 
 
رۆژی سێشەممە 2-5-2023، سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ بە داوای ژمارە (85/فیدراڵی/2023) لە دادگەی فیدراڵی سکاڵام لە دژی ماددەی تایبەت بە ماددەی یاسایی پەیوەندیدار بە کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرد، سکاڵاکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو مادە یاساییەیە کە 11 کورسی کۆتای بە پێکهاتەی تورکمان و مەسیحی و ئەرمەن بەخشیوە."
 
لەبارەی هۆکاری سکاڵاکەش، سۆران عومەر گوتی: "بەپێی ئەو مادە یاساییە کورسیی کۆتا تەنیا بۆ کریستیان و تورکمان دیاریکراوە، لەکاتێکدا کاکەیی، ئێزدی، فەیلی و پێکهاتەی دیکەش هەن، ئەی بۆ ئەوان مافیان نەبێت و کورسییان نەبێت، بۆیە سکاڵاکە لەسەر ژمارەی کورسییەکان نییە کە کەم و زیاد بکرێت، بەڵکو لە دژی ئەوەیە بۆچی پێکهاتەکانی دیکەش کورسییان نەبێت."
 
پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان 11 کورسییان لەکۆی 111 کورسی هەیە، بەڵام ئەو 11 کورسییە تەنیا بۆ پێکهاتەکانی کلدان، سریان، ئاشوور، ئەرمەن و تورکمانە، ناوە ناوە جووەکان و فەیلی و ئێزدی و کاکەیی و پێکهاتەکەی دیکەش داوای کورسیی پەرلەمان دەکەن.
 
بەپێی یاسای ژمارە یەکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان (پەرلەمانی کوردستان)ـی ساڵی 1992، پەرلەمانی کوردستان لە 100 ئەندام پێکدێت، بەڵام دواتر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەموارکرایەوە و دواجار بەپێی ماددەی 36ـی یاساکە کورسی بۆ پێکهاتەکان دیاریکرا.
 
لە یەکەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان، کریستیانەکان پێنج کورسیی کۆتایان هەبوو، بەڵام ساڵی 2009 شەش کورسیی کۆتا زیادکرا، کە پێنجیان بۆ پێکهاتەی تورکمان و کورسییەکیش بۆ ئەرمەن بوو.
 
ماوەیەکە کورسیی کۆتاکان مشتومڕی زۆری هەڵگرتووە بەتایبەت لەنێوان لایەنەکانی دەرەوەی ئەو پێکهاتانە، بەشێکیان داوای گۆڕانکاری و دەستکاریکردنی کورسیی پێکهاتەکان و هەڵبژاردن و دەنگدان و کۆمەڵێک خاڵی دیکەش دەکەن.
 
پێشتر جووەکان داوای کورسییەکیان لە پەرلەمان کردبوو، رۆژی 31-1-2023، جەلال محەممەد، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی داواکاریی ئەو پێکهاتانەوە بە رووداوی گوت: "بەڵێ داوایانکردووە کورسییەکی کۆتایان هەبێت، بەڵام ئەم بابەتە دەبێت یاسای هەڵبژاردنی بۆ هەمواربکرێتەوە، چونکە پێکهاتە نەتەوەییەکان کورسییان هەیە و پێکهاتە ئایینییەکان باسنەکراوە، ئەگەر بڕیار بێت پێکهاتە ئایینییەکانیش کورسیی کۆتایان هەبێت، ژمارەیەک پێکهاتەی دیکەش داوا دەکەن."
 
پەرلەمانی کوردستان لە 21ـی نیسانی 2015 یاسای ژمارە 5ـى پاراستنى مافى پێکهاتەکانی لە کوردستان پەسندکرد، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چەندین ئایین و ئایینزا لە هەرێمی کوردستان هەن، کۆمەڵە نەتەوەییەکانی بە "تورکمان، کلدانی، سریانی، ئاشووری و ئەرمەن" دیاریکردووە، هەرچی مەسیحی، ئێزدی، سابیئەی مەندایی، کاکەیی، شەبەک، فەیلی، زەردەشتی و هی دیکەی بەپێکهاتەی ئایینی دیاریکردووە.