پێنجشەممە سۆسیالیست لە هەڵەبجە کۆنگرە دەبەستێت

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بڕیاریدا رۆژی 4ـی ئەم مانگە کۆنگرەی هەشتەمی خۆی لە پارێزگای هەڵەبجە ببەستێت، گوتەبێژی ئەو حیزبەش دەڵێت 'بەهۆی گۆڕانکارییەکان و خێرایی پێشهاتەکان، بڕیارماندا کۆنگرە ببەستین.

 

د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بڕیاردرا رۆژی پێنجشەممە لە پارێزگای هەڵەبجە کۆنگرەی هەشتەم ببەستین."
 
فەرهاد تۆفیق ئاماژەی بە هۆکاری پێشخستنی وادەی بەستنی کۆنگرە کرد و گوتی "رووداو و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و بۆ جێگیرکردنی ئەو بڕیار و کارانەی پێشتر درابوون، هەروەها بۆ خۆنوێکردنەوە و ئامادەسازی بۆ پێشهاتەکان بەتایبەت هەڵبژاردنەکان، بڕیارماندا کۆنگرە ببەستین."
 
سەبارەت بە بەشداریکردنی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لە کۆنگرەکە، فەرهاد تۆفیق گوتی "دەتوانن بەشداری کۆنگرە بکەن و پەیوەندییان پێوە دەکرێت."
 
رۆژی 5ـی مانگی رابردوو کۆبوونەوەیەکی باڵای سۆسیال دیموکرات بە سەرپەرشتیی محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتەکە بەڕێوەچوو، تێیدا بە "زۆرینەی دەنگ"ـی سەرکردایەتی بڕیاری دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود درا.
 
دواتر عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لە بارەگای هەولێری پارتی سۆسیالیست، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "من، هەر جێگرم و بڕیارەکە نایاسایی و ناپەیڕەوی بووە."
 
بە گوتەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود هەڵوەشانەوەی پۆستەکەی ئەو "لەنێو پەیڕەوی پارتەکەیان لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حیزب نییە و بڕیارەکە پەیڕەوی نییە."
 
لە سەرەتای مانگی شوباتەوە ناکۆکی کەوتە نێوان محەممەد حاجی مەحموود و عەبدوڵڵا حاجی مەحموودی برایەوە.
 
حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، کە لە ساڵی 1976 یەکەمجار بە ناوی بزووتنەوەی سۆسیالستی کوردستان، دامەزراوە، لە پەیڕەو و پرۆگرامەکەیدا خۆی وەکو حیزبێکی نیشتمانی و نەتەوەیی دەناسێنێت، حیزبەکە تاوەکو ئێستا حەوت کۆنگرەی بەستووە: 
 
- کۆنگرەی یەکەم،  لە 12-5-1981 لەدۆڵه‌توو.
- کۆنگرەی دووەم، 15 تاوەکو 19ـی تشرینی دووەمی 1994 لە ھەولێر.
- کۆنگرەی سێیەم، لە 27 تاوەکو 30ـی تشرینی دووەمی 1999 لە سلێمانی.  
- کۆنگرەی چوارەم، لە 6 تاوەکو 8ـی کانوونی یەکەمی 2003 لە سلێمانی.
- کۆنگرەی پێنجەم، لە 8 و 9ـی ئابی 2005 لە سلێمانی.
- کۆنگرەی شەشەم، لە 6 تاوەکو 8ـی ئایاری 2011 لە هەولێر.
-کۆنگرەی حەوتەم لە پێنج تاوەکو شەشی ئاداری ساڵی 2022 لە هەولێر.