یەک لەسەر سێی دەنگدەرانی ئامەد نەچوونەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان
رووداو دیجیتاڵ
یەک ملیۆن و 164 هەزار و 129 کەس بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ی ئاداری ئەم ساڵ لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەبوو؛ لەو ژمارەیە 380 هەزار کەس نەچوونەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەدا لە سەرتاسەری تورکیا 78% بوو، رێژەکە لە ئامەد 64.34% بوو. لە کۆی 783 هەزار و 940 دەنگ، 722 هەزار و 407 دەنگیان بە دروست هەژمار کران.
دەم پارتی لەو پارێزگایە توانیی گەورەشارەوانیی ئامەد و سەرۆکایەتیی شارەوانیی 13 شارۆچکە بەدەستبهێنێت. هەرچی ئاکپارتییە توانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی چوار شارۆچکە بباتەوە.
کەمبوونەوەی دەنگی ئاکپارتی و دەم پارتی
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ژمارەی دەنگدەرانی ئامەد یەک ملیۆن و 49 هەزار کەس بوو، رێژەی بەشداریکردنیش 78.69% بوو.
عەدنان سەلجوق مزراکلی بەربژێری هەدەپە بوو و 490 هەزار و 571 دەنگی بردەوە، کە دەیکردە 62.9%ی دەنگەکان، بەوەش بووە سەرۆکی گەورەشارەوانی، بەڵام دواتر لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و قەیووم لە شوێنی دانرا و لە 19ی ئابی 2019وە لە زیندانە.
جومالی ئاتیلای بەربژێری ئاکپارتیش بە بردنەوەی 30.9%ی دەنگەکان پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
لە هەڵبژاردنی ئەم هەفتەیەدا عائیشە سەرا بوجاک، بەربژێری دەم پارتی بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئامەد بە بردنەوەی 463 هەزار و 22 دەنگ، 64.9%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا محەممەد خالس بیلدەن، بەربژێری ئاکپارتی بە بردنەوەی 121 هەزار و 571 دەنگ، 16.83% دەنگەکانی بردەوە و پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
رێژەی بەشداری هەڵبژاردن لە ئامەد بەگوێرەی ساڵ:
2019 : 78.9%
2023 : 82.2% (هەڵبژاردنی پەرلەمانی)
2024 : 67.2%
بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی 31ی ئاداری 2024 لە ئامەد
ژمارەی دەنگدەر: 1,164,129 کەس
دەنگی دراو: 783,940 کەس
رێژەی دەنگی دراو: 67.2%
دەنگی دروست: 722,407
رێژەی دەنگی دروست: 62.0%
دەنگی پووچەڵ: 61,533
رێژەی دەنگی پووچەڵ: 5.2%
دەنگی بەکارنەهێندراو: 380,189 کەس
رێژەی دەنگی بەکارنەهێندراو: 32.6%
دەنگی پارتە سیاسییەکان
دەم پارتی: 459,534 دەنگ
رێژەی دەنگی دەم پارتی: 64.04%
ئاکپارتی: 120,879 دەنگ
رێژەی دەنگی ئاکپارتی: 16.85%
هوداپار: 53,063 دەنگ
رێژەی دەنگی هوداپار: 7.35%