دەرگاوانێک لە ئامەد خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان بەربژێر دەکات

رووداو دیجیتاڵ

لە تورکیا و باکووری کوردستان بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە، یەکێک لەو کەسانەی لە ئامەدی باکووری کوردستان لەسەر لیستی پارتی سەوزی چەپ خۆی بۆ پەرلەمانتاری بەربژێر کردووە، دەرگاوانێکە بەناوی عەبدولرەزاق مەمیش.
 
عەبدولرەزاق مەمیش ماوەی 11 ساڵە لە ئامەد دەرگەوانی باڵەخانەیە، ئەوەی ئێستاش لە دەرگاوانەکانی هاوڕێی جیای دەکاتەوە ئەوەیە؛ ئەو خۆی بۆ پەرلەمانتاری بەربژێر کردووە لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری تورکیا.
 
عەبدولرەزاق مەمیش قسەی بۆ رووداو کرد و، دەڵێ "من ناوی خۆم لە ئامەد پێشکێش کردووە بە پارتەکەی خۆمان، پارتی سەوزی چەپ. دەمەوێت مافەکانی دەرگاوانان بپارێزم، ئەگەر پارتەکەمان رێگەم پێبدات، من دەچمە پەرلەمان".
 
بەگوتەی مەمیش، تاوەکو ئێستا تەنیا کەسانی پارەدار و دەوڵەمەند بوونەتە پەرلەمانتار، کە ئەمەش "ناهەقییەکی گەورەیە"، بۆیە دەبێت کرێکارانیش بتوانن جێگەی خۆیان لە پەرلەمان بکەنەوە.
 
عەبدولرەزاق مەمیشی تەمەن 36 ساڵ هەروەها دەپرسێت "خاوەنی کارگە دەبنە پەرلەمانتار، ئەوانەی پارەیان هەیە و ئەوانەی پرۆفیسۆرن دەبنە پەرلەمانتار، بۆچی ئێمەی دەرگاوان نەبین؟".
 
ئێستا، مەمیش ئەوەی لە کۆڵان دەیبێنێت سڵاوی لێدەکات و کارەکەی وەکو دەرفەتێک بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنێت، دەوروبەرەکەشی رازین بەوەی ئەو بچێتە پەرلەمان و ببێتە نوێنەریان.
 
یەکێک لە دراوسێکانی عەبدولرەزاق مەمیش، کە قسەی بۆ رووداو کرد، دەڵێ "با بچێتە پەرلەمان، با لەوێ ببێتە نوێنەری دەنگی ئێمە. ئەو دراوسێمانە، هاوڕێمانە، دۆستمانە، کەسێکی باشە و ئێمە هەمیشە پشتی دەگرین".
 
مەحموود گوموش، لە فڕنێکی ئامەد کاردەکات و دەڵێ "ئێمە رازین ئەو هاوڕێیەمان سەربکەوێت، با بچێتە پەرلەمان و مافی ئێمە بپارێزێت، ئێمە دەنگمان بەو دەدەین".
 
بەگوتەی عەبدولرەزاق مەمیش، گەر پارتی سەوزی چەپ، ئەو هەڵبژێرێت و بچێتە پەرلەمان، بەهۆیەوە پەرلەمان و سیاسەت، هەمەڕەنگ دەبن.
 
رۆژی 23ی ئاداری 2023، هاوسەرۆکانی هەدەپە رایانگەیاند، بەناوی پارتی سەوزی چەپ (یەسەپە) بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دەکەن. میدحەت سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە گوتی: "ئەگەری داخستنی پارتەکەمان لە هەزاردا یەک-یش بێت، بۆ ئێمە ریسک و مەترسییەکی گەورەیە و ئێمەش نامانەوێت چارەنووسی ئەم هەموو دەنگە بەفیڕۆ بچێت و لانیکەم پێویستمان بە پاراستنیانە، بۆیە بە ناوی پارتی سەوزی چەپ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەین".
 
ئەو پارتە سیاسییە هاوشێوەی ئەڵتەرناتیڤێکە بۆ هەدەپە لە ئەگەری داخستنیدا، بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن.