سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای خانمان: کەموکوڕی زۆرە و پێویستە زیاتر پشتگیری ژنان بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای خانمانی هەرێمی کوردستان پێیوایە، ژنان رۆڵێکی کارایان لە خەباتی باشووری کوردستاندا گێڕاوە و مافی ژنان لە ئەجێندای کاری حکومەتدا پارێزراوە، بەڵام "هێشتا کەموکوڕی زۆرە و پێویستە زیاتر پشتگیری بکرێن."
رۆژی پێنجشەممە 02-03-2023، خانزاد ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای خانمانی هەرێمی کوردستان لە سێیەم رۆژی دووەمین کۆڕبەندی هەولێر لە پانێڵێکدا لەژێر ناونیشانی "رۆڵی ئافرەت لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" رایگەیاند: "کاتێک لەم کۆڕبەندەدا، بابەتی ئافرەتان لەگەڵ تەوەرە سیاسییەکانی دیکە دەخرێنە بەرباس، بە مانای ئەوەیە تەوەری ئافرەتانیش، بابەتێکی سیاسییە."
خانزاد ئەحمەد پێیوایە، لە سەرهەڵدانەکاندا کەمتر باس لە یەکسانیی جێندەری و رۆڵی ژنان کراوە و گوتی: "ئەگەر لە هەندێک لە سەرهەڵدانەکانیش باس لە بابەتی یەکسانیی جێندەری و مافی ئافرەت کرابێت، ئەوە پێویستی بەوە بووە کە ژنان و بزووتنەوەی ژنان بتوانن لە سەرهەڵدانەکەدا رۆڵێکی کارایان بۆ قۆناخی گواستنەوە هەبێت."
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای خانمانی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، ئەو بەڵێنانەی کە لە کاتی سەرهەڵدان و قۆناخی گواستنەوە لەسەر یەکسانی جێندەری و مافی ئافرەت دەدرێن کاتێک بە سەقامگیری گەیشتن، لەبیر دەکرێن و گوتی: "بە بۆچوونی من، بۆ ژنان ئەستەم نییە هاوپەیمانەکانی خۆیان بدۆزنەوە و بۆ ئەوەی ئامانجەکانی خۆیان بخەنە ئەجێنداکانی حکومەت و کاری هاوبەش بکەن."
خانزاد ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، کارکردن لە پرسی ژنان ناکرێت لە پرسەکانی دیکە جیابکرێتەوە و "پرسی ژنان پەیوەستە بە هەموو پرسەکانی دیکەی نێو کۆمەڵگە"؛ گوتیشی، بۆ بەرهەمهێنەربوونی هەوڵەکان، پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی مافی ژنان و ئافرەتان، ''بە تاکلایەنی و رادیکاڵبوون مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە نەکرێت."
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای خانمان، لە سەرهەڵدانەکانی باشووری کوردستان، ژنان رۆڵێکی زۆر کارایان گێڕاوە و دەستخۆشیش لە رێکخراوە مەدەنییەکان و پەرلەمانی کوردستان دەکات کە هۆکارێک بوون بۆ ئەوەی بەڵێنەکانی سەردەمی راپەڕینی کوردستان بخرێنە ئەجێندای کاری حکومەت.
خانزاد ئەحمەد دەڵێت، "لە ساڵی 2005 کاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە خاوەنی بودجەی خۆی و حکومەتێکی یەکگرتوو، بووژانەوەیەکی زۆر لە مافەکانی مرۆڤ روویدا و "گرنگترین کۆڵەکەی مافی مرۆڤ، مافی ژنان بوو کە تاوەکو ئێستا و کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامی پێوە دیارە."
سەرۆکی ئەو ئەنجوومەنە ئاماژەیدا بەوەی کە سەرەڕای ئەوەی لە هەرێمی کورستان بایەخێکی زۆر بە پرسی ژنان دراوە، بەڵام "هێشتا ئاستەنگی زۆر دەبینرێت" و گوتیشی، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە دامەزراوە حکومییەکان، حیزبی سیاسی و پەرلەماندا هەن، "بەڵام بە بۆچوونی من، بەشداری ژنان لە هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی بێ کەموکووڕی نییە و پێویستی بە پشتگیرییەکی زیاتر هەیە."