بەرەی تورکمانی: سوودانی بڕیاریدا تورکمانیش بخرێتە نێو نووسراوە فەرمییەکانی کەرکووک
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی بڕیاریداوە لەگەڵ زمانەکانی کوردی و عەرەبی، زمانی تورکمانیش بخرێتە نێو نووسراوە فەرمییەکانی پارێزگای کەرکووکەوە.
فراکسیۆنی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "بە تەواوەتی ئەو راسپاردانە رەتدەکەینەوە کە لەلایەن لیژنەی فەرمانی دیوانیی ژمارە 50ـی ساڵی 2014 و ئەو نووسراوەی لەلایەن ئەمێندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئاراستەی پارێزگای کەرکووک کراوە بۆ بەکارهێنانی زمانەکانی عەرەبی و کوردی لە فۆرمی نووسراوە فەرمییەکان، بێ ئاماژەکردن بە زمانی تورکمانی. ئەمە بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت، چونکە پێشێلکارییەکی دەستووریی روونە، بەتایبەت بڕگەی پێنجەم."
بە گوتەی بەرپرسانی بەرەی تورکمانی، نیگەرانییەکەیان بووەتە هۆی ئەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیارێک بدات.
رۆژی پێنجشەممە 2-3-2023، غەریب عەسکەر، ئەندامی فراکسیۆنی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای گەیاندنی نیگەرانییەکانمان بە محەممەد شیاع سوودانی، ئەویش بڕیاریدا و فەرمانێکی بۆ پارێزگای کەرکووک نارد بۆ ئەوەی زمانی تورکمانیش هاوشێوەی دوو زمانەکەی دیکە لە پارێزگای کەرکووک و فەرمانگە و دامەزراوەکانی بەکاربهێندرێت."
غەریب عەسکەر گوتی، "ئەوە یەکێکە لە مافە دەستوورییەکانمان و سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین بۆ بەدەمەوەهاتنی داواکارییەکەمان."
هەر لەو بارەوە حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی تویتێکی کرد و رایگەیاند، "بڕیارێکی دەستووریی رەوایە بۆ پێکهاتەی تورکمان بۆ پشتبەستن بە زمانی تورکمانی لە نووسراوە فەرمییەکان. سوپاس سەرۆکوەزیران بۆ ئەو هەنگاوەت کە رێگەت لەبەردەم ئەو کەسانەدا گرت کە دەیانەوێت لە ئاوی لێڵدا راو بکەن."
لە نووسراوێکدا کە رێککەوتی 20ـی شوباتی لەسەرە، ئەمیندارییەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوا لە راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک دەکات، سەرجەم نووسراوە فەرمییەکانی فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکان بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بن.
بڕیارەکەی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نیگەرانی تورکیاشی لێکەوتەوە. رۆژی چوارشەممە 1-3-2023، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیێندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە: "ئەم بڕیارە مافە بنەڕەتییەکانی تورکمانەکان کە رۆڵی سەرەکی و دامەزرێنەریان لە بونیاتنانی دەوڵەتی عێراقدا بینیوە، پێشێل دەکات."
بەپێی دەستووری عێراق، هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی زمانی فەرمیی دەوڵەتن؛ لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ـەوە زۆرینەی تابلۆی شوێنە حکومییەکان و تەنانەت تابلۆی رێنوێنییەکانی هاتووچۆش لە کەرکووک تەنیا بە زمانی عەرەبین؛ لایەنە کوردستانییەکانیش بەردەوام پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک بە "جیاکاری" بەرامبەر کورد تۆمەتبار دەکەن.