بەڕێوەبەری شارۆچکەی زنانە: داعش ناوچەکەمان وەکو ترانزێت بۆ سێ پارێزگا بەکاردەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری شارۆچکەی زنانەی سەر بە قەزای کفری رایدەگەیێنێت، چەکدارانی داعش ناوچەکەیان وەکو ترانزێت بۆ پارێزگاکانی سەلاحەدین و دیالە و کەرکووک بەکاردەهێنن و دەڵێت، هەندێکجار ژمارەیان لەو ناوچەیە دەگاتە 200 چەکدار، کە بەهۆیانەوە گوندنشینانی پێنج گوند ناوچەکانیان بەجێهێشتووە.
وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری شارۆچکەی زنانە لەبارەی جوڵەی چەکدارانی داعش لە ناوچەکە رۆژی چوارشەممە، 1-3-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێشتا چەکدارانی داعش لە ناوچەکە هەڕەشەن و ناوچەکە وەکو شوێنی جوڵە و دابەشبوون و پەڕینەوە بۆ پارێزگاکانی سەلاحەدین و دیالە و کەرکووک بەکاردەهێنن، جگە لەوەش ئەوان هەڕەشەن بۆ سەر ئەوانەی شوانکارن یان بەهەڵە دەچنە ئەو شوێنانەی ئەوان تێیدان."
تائێستا چەندین کەس لەلایەن چەکدارانی داعش لە ناوچەکەدا دەستگیرکراون، بەڕێوەبەری شارۆچکەی زنانە گوتی، لەوانەی دەستگیرکراون، دوو شوانی مێرمنداڵن کە خەڵکی گوندی قەڵان و ماوەی زیاتر لە مانگێک دەبێت دەستگیرکراون و ئازادنەکراون.
رۆژی 15-1-2023، ئەحمەد عەبدولڕەحمان، دانیشتووی گوندی قەڵا بە رووداوی راگەیاند: "ئەو دوو گەنجە شوانن، ئەمڕۆ ئاژەڵەکانیان بردووەتە دەرەوە بۆ لەوەڕاندن، بەڵام لە دوای کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی دیار نەماون."
دوو شوانەکە یەکێکیان ناوی محەممەد حوسێن عەلییە و تەمەنی 16 ساڵانە، ئەوەی دیکەشیان ناوەی سەباح حەسەنە و تەمەنی 20 ساڵانە، بە گوتەی ئەحمەد عەبدولڕەحمان، دوو شوانەکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندراون. گوتیشی، چەکدارانی داعش پێشتریش تەقەیان لە دوو شوانی دیکەی گوندەکە کردووە، بەڵام ئەوە یەکەمجار خەڵکی گوندەکەیان دەڕفێنن.
سەبارەت بە ژمارەی چەکدارانی داعش لەو ناوچەیە، وەهاب ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، "ژمارەیان بە دیاریکراوی و هەمیشەیی دیار نییە، بەڵام ئەوان لەنێوان 100 بۆ 200 چەکدار دەبن و بەشێوەی مەفرەزەی بچووک بچووک دەردەکەون و کۆدەبنەوە."
بەڕێوەبەری شارۆچکەی زنانەی سەر بە قەزای کفری، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ناوچەکەیان هێشتا بۆشایی ئەمنییە و داوا دەکات هێزی زیاتری پێشمەرگە لە ناوچەکە جێگیر بکرێت و دەڵێت: "ئەگەر هێزی پێشمەرگەش جێگیر نەکرێت، گرنگە بیر لەوە بکرێتەوە گوندنشینانی پڕچەکبکرێن بۆ ئەوەی بەرگری لەخۆیان و گوندەکانیان بکەن."
ناوچەی زنانە و پەلکانە و غەڕرەی سەر بە قەزای کفری لەو ناوچانەن، کە داعش تێیدا ناوبەناو پەلاماری هاونیشتمانیان و هێزە ئەمنییەکان دەدات.
بە گوتەی بەڕێوەبەری شارۆچکەی زنانە، بەهۆی هەڕەشەکانی چەکدارانی داعشەوە تائێستا پێنج گوند چۆڵکراون لەوانە سێ گوندی پەلکانە و گوندەکانی قوڕی چای و شۆراو، گوتیشی "ناوچەکەمان ناوچەیەکی سەختە، بوونی چەکدارانی داعش لەو ناوچەیە جگە لە چۆڵکردنی ئەو گوندانە بووەتە هۆکارێک بۆ زیانگەیاندن بە جووتیارانی ناوچەکە کە بەشێکیان ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان و کشتوکاڵ بکەن و بەرهەمیان هەبێت، بەهۆیەوە زەوییەکی فراوانی کشتوکاڵی بێ بەرهەم بوون."
ساڵی رابردووش چەکدارانی داعش دوو شوانی دیکەیان لە هەمان ناوچە لە گوندی دووراجی رفاند، دواتر یەکێکیان بە 30 هەزار دۆلار و ئەوی دیکەشیان بە 20 هەزار دۆلار ئازادکرد.