خاوەن هۆتێل و مۆتێلەکانی دهۆک لە پلانی گەشتیاریی سەری ساڵ ناڕازین

 
هەولێر دیجیتاڵ

بەپێی پلانی دەستەی گەشتوگوزار و ئیدارەی پارێزگای دهۆک، پێشبینی کرابوو نزیکەی 40 هەزار گەشتیار سەردانی دهۆک بکەن. خاوەن هۆتێل و مۆتێلەکانی شاری دهۆک دەڵێن، "ئەو پلانە سەرکەوتوو نەبووە کە بۆ سەری ساڵی 2023 داڕێژرابوو."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 2ی کانوونی دووەمی 2024 ئیحسان شێخ عیسا، سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێل و مۆتێلەکانی دهۆک لە بوولتەنی کاژێر 13:00 بە رووداوی گوت، "پێشبینی کرابوو لە 22-12-2023 تاوەکو شەوی سەری ساڵ، نزیکەی 40 هەزار گەشتیار سەردانی دهۆک بکەن، بەڵام ئەو رێژەیە نەگەیشتە دهۆک. پلانی سەری ساڵ زوو دانەڕێژرا، تاوەکو کۆمەڵێک ئاهەنگ لە دهۆک رێکبخرێن بەراورد بە زاخۆ."
 
بە گوتەی ئیحسان شێخ عیسا، دوو جۆر ئامار هەن، ئامارێک لە بەردەستی بەڕێوەبەری گەشتوگوزارە، کە لە دەستەی گەشتوگوزاری هەولێر وەریدەگرێت. ئەمەیان زۆر دروست نییە، چونکە کەسانێک کە سەردانی شاری دهۆکیان کردووە، رەنگە بۆ گەشتوگوزار نەبووبێت؛ "ئەوانەی کە لە هۆتێلەکانی شاری دهۆک مابوونەوە، ژمارەیان نەگەیشتبووە 2000 کەس. بۆیە ناڕەزایی خاوەن هۆتێل و مۆتێلەکانی دهۆکی لێکەوتەوە."
 
سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێل و مۆتێلەکانی دهۆک دەشڵێت، "ئەو پاسانەی هاتوونەتە شاری دهۆک، نزیکەی 43 پاس بوون لەو ماوە دیاریکراوەدا؛ هەر پاسێک 40 کەسی تێدا نەبووە. هۆکارێکی دیکەیش پشووی فەرمییە لە عێراق، دوو رۆژی کۆتایی پشووی فەرمی راگەیێندرا. بۆیە گرووپەکانی گەشتیاری نەیانتوانی بە تەواوی ئیش لە پارێزگای دهۆک بکەن و رێکلامی بۆ بکەن."
 
دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە 11 مانگی ئەم ساڵدا 7.5 ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بەڵام بەشێک لە خاوەن شوێنە گەشتیارییەکان لە دهۆک دەڵێن، ئەو ژمارەیە راست نییە و "تەنیا باجمان لەسەر زیاتر دەکات."
 
باوەڕ پاسی، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێل و مۆتێلەکانی دهۆک 30-12-2023 بە رووداوی راگەیاند، "ئەم ئامارانە ماڵی ئێمەیان وێران کرد، رسوومات و باجی لەسەر زیادکردووین، واتە ئەگەر داتای دروست هەبن، کوا ئەو گەشتیارانە؟ هێندەی من ئاگادار بم، هیچ هۆتێلێک بۆ سەری ساڵ نەگیراوە، تاوەکو هیچ شتێکی لەو جۆرە نییە."
 
ئیحسان شێخ عیسا لەبارەی ئامادەکارییەکانی دەستەکەیان و حکومەتەوە ئاماژەی بەوە دا، "ئێمە خۆمان ئامادەکردبوو، بەڵام ئەوەی دەکەوێتە سەر حکومەت پلان و بەرنامەیەکی تۆکمەیە. ئەو ئاهەنگەی لە پارکی نەورۆز کرابوو، لەو ئاستەدا نەبوو بتوانین رووی گەشتیاران بەرەو شاری دهۆک وەربگێڕین. بەڵام ئێمە دەتوانین بڵێین پلانێکی باشتر بۆ ساڵی 2024 دابنێین و رێژەی هاتنی گەشتیار باشتر بکەین."
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، "شوێنێکی گەشتیاری کە میوانی نییە، بەشێک لە ھوکارەکە خۆیەتی، وەرزی زستان وەرزی گەشتیاری نییە، تۆ لەو کاتەدا دەبێ داشکاندن بکەی، دەبێ ئۆفەر رابگەیێنی و چالاکی بکەی بۆ ئەوەی سەرنجی گەشتیاران رابکێشیت."
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی رادەگەیێندرێن، ساڵانە بۆ شەوانی سەری ساڵ 30 بۆ 35 هەزار گەشتیار سەردانی دهۆک دەکەن.