سەندیکای پارێزەرانی کوردستان: هیوادارین هەڵبژاردنی پارێزەران بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان دەڵێت، بەهۆی ناکۆکیی حیزبییەوە چوار ساڵ دەبێت هەڵبژاردنی سەندیکا دواخراوە، دەشڵێت: "ئومێد دەکەین ئەمساڵ لایەنەکان بگەن بە رێککەوتن و هەڵبژاردن بکرێت." جێگری سەرۆكی سەندیكاش دەڵێت: "ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەلای ئێمە نەماوە و دەبێت لیژنەی باڵا وەڵامی ئەوە بداتەوە بۆچی هەڵبژاردن نەکراوە."
رۆژی دووشەممە 2-1-2023، پارێزەر ئەردەڵان ئەحمەد رەشید، سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی باڵای ئەنجوومەنی سەندیکاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەداخەوە ماوەی چەند ساڵێکە، بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانەوە نەتوانراوە هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵا بکرێت، دەبێت ئەو ناکۆکییانە یەکلایی بکرێنەوە و ئومێدێک هەیە بەمنزیکانە بەرەوپێشڤەچوونێک هەبێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام هێشتا تەواو روون نییە."
ئەمڕۆ، سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بەبۆنەی رۆژی پارێزەرانی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "هیوادارین لە ماوەى داهاتوودا هەڵبژاردنى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان بکرێت بۆ بەردەوامبوونى رێڕەوی دیموکراسیى و پیشەیی و خزمەتکردنى زیاترى پارێزەران."
پارێزەر هەڤاڵ بەرزنجی، جێگری سەرۆكی سەندیكا لەبارەی هەڵبژاردنە دواخراوەکەی سەندیکاوە بە رووداوی گوت: "ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت و داواشمانکردووە، بەڵام دەبێت لیژنەی باڵای هەڵبژاردن وەڵامی ئەوە بداتەوە بۆچی هەڵبژاردن ناکرێت، دەبوو پێشتر هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام دواکەوتووە."
سەندیکای پارێزەرانی کوردستان رۆژی 3-1-1993 دامەزراوە، پێنج لق و 36 ژووری پارێزەرانی هەیە، نزیکەی 13 هەزار ئەندامیشی هەیە، تائێستا شەش کۆنگرەی بەستووە.
رۆژی پێنجشەممە 31-10-2019، شەشەم کۆنگرەی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان دەستیپێکرد و دەبوو پاش ماوەیەک هەڵبژاردن بکرابا، بەڵام دواکەوت.
سەرەتای ساڵی 2022، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بە رووداوی گوت: "لە 2019-10-31 کۆنگرە بەسترا و 2019-11-28 یان دانا بۆ رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی لیستەکان لەنێوان خۆیاندا کێشەیان هەبوو بەهۆی ململانێ و کاریگەری حیزبی نەکرا، کە ئەمە کاریگەری راستەوخۆی هەبووە. دواتر ئێمە وەکو ئەنجوومەنی سەندیکا بە پێی مادەی 50 لە یاسای پارێزەرایەتی داوای دانیشتنێکی دیکەی نائاسایی کۆنگرەمان کرد، دواتر مانگی 2ی 2020 دیاریکرا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەن، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەکرا. ئێستاش ئێمە وەکو ئەنجوومەنی سەندیکا بەجێگەیاندنی بەرپرسیاریێتی سەرشانمان جارێکی دیکە داوای کۆبوونەوەی نائاساییمان کردووە لە 2020-1-13 ئومێد دەکەین رۆژێک بۆ دیاریکردنی هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەندیکا دیاری بکرێت."