سووکایەتی بە دوو ژن و پیاوێکی دیلی کورد دەکرێت لەلایەن چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە ناوچەی تەلڕفعەتی هەرێمی شەهبا لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری حەلەب، سێ شەڕڤانی یەپەگە و یەپەژە لە لایەن چەکدارانی "سوپای نیشتمانیی سووریا"ی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە بە دیل گیران.
 
هێرشی چەکدارانی "سوپای نیشتمانیی سووریا"ی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر هەرێمی شەهبا و ناوچەی تەلڕفعەت لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری حەلەب کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە دایە، بەردەوامە.
 
بەپێی ئەو زانیاری و دیمەنانەی لە لایەن چەکدارانی سوپای نیشتمانی سووریاوە بڵاوکراونەتەوە، دوو شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و شەڕڤانێکی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە لایەن هێزەکانیانەوە لە ناوچەی تەلڕفعەتەوە بە دیل گیراون.
 
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، چەکدارەکان سووکایەتی بە شەڕڤانان دەکەن و بە تووندی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.
 
تاوەکو ئێستا یەپەگە و یەپەژە لەبارەی بە دیلگیرانی شەڕڤانەکانیان هیچ راگەیێندراوێکیان بڵاونەکردووەتەوە.