وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی پێنج گەریلای پەکەکەی لە باشووری کوردستان راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی پێنج گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکەی لە هێرشێکی ئاسمانی لە باشووری کوردستان راگەیاند.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، کە ئەمڕۆ هەینی، 1ـی کانوونی یەکەمی 2023 بڵاوکراوەتەوە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵ لە باشووری کوردستان، پێنج گەریلای پەکەکە لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەر کراونەتە ئامانج. 
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دیمەنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە شەڕکەرەی بڵاوکردووەتەوە کە هێرشەکەی پێ کراوە.
 
رۆژی 30ـی تشرینی دووەمی 2023 ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هەپەگە کە باڵی سەربازی پەکەکەیە، بڵاویکردەوە رۆژی 27ـی مانگ لە حەفتانین و 28ـی مانگ لە رۆژئاوای زاپ بە چەکی قورس و مام ناوەند دوو پێگەی سەربازی سوپای تورکیایان کردووەتە ئامانج و لە ناویان بردوون. لە بەرامبەردا، سوپای تورکیاش 12 جار لە رێگەی تۆپخانەکانیان و بە درۆن و فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانی ئەو ناوچانەیان کردووە، لە بۆردوومانەکاندا چەکی قەدەخەکراو و گازی کیمیاییان بەکارهێناوە. 
 
سوپای تورکیا بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵی لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا گیانلەدەستدانی 772 گەریلا و کوژرانی 113 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 61 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 395 گەریلای راگەیاندووە.