شەش هاونیشتمانیی خەڵکی عەفرین لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
چالاکڤانێکی خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک لە گوندی تەلقەراحی ناوچەی شەهبای دەرەوەی حەلەب، شەش هاونیشتمانیی خەڵکی عەفرین بریندار بوون.
ئیبراهیم شێخۆ، چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ بە رووداوی گوت، "مینە چێندراوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی بە ماڵباتێکی ئاوارەی عەفریندا تەقیوەتەوە، ئەوەش کاتێک ژمارەیەکیان چوون بۆ باخ زەیتوونێک بۆئەوەی زەیتوون لێ بکەنەوە."
یەکێک لە بریندارەکان کچێکی تەمەن 3 ساڵانە.
بە گوتەی چالاکڤانەکە، چوار کەس لە بریندارەکان گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئافرین لە شارۆچکەی فافین لە پارێزگای حەلەب، بەڵام منداڵە 3 ساڵانەکە و برایەکی تەمەن 24 ساڵانی بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتیی شاری حەلەب.
بریندارەکان خوشک و برا و ئامۆزان و ناو و تەمەنیان بەم شێوەیە:
رەشید مستەفا عومەر؛ 24 ساڵ
محەممەد مستەفا عومەر؛ 20 ساڵ
جەمیلە مستەفا عومەر؛ 3 ساڵ
جەمیلە حەبەش عومەر؛ 48 ساڵ
جۆسلین مستەفا عومەر؛ 20 ساڵ
ئەحمەد مستەفا عومەر؛ 50 ساڵ
ئەو ناوچەیەی مینەکەی تێدا تەقیوەتەوە لەژێر دەسەڵاتی هێزی رزگاریی عەفریندایە، کە سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە.
بەشێکی دیکەی ناوچەی شەهبا لە باشوورەوە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریادایە؛ بەشێکیشی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیاوە کۆنترۆڵکراوە.
ژمارەیەکی زۆری مین و بۆمبی چێنراوی سەردەمی شەڕی داعش لە ناوچەکە ماون و هەڕەشەن لەسەر ژیانی خەڵک.