نرخی کارەبای موەلیدە بۆ مانگی تشرینی یەکەم دیاریکرا؛ لە هەولێر گرانترینە


رووداو دیجیتاڵ

لە هەولێر نرخی کارەبای موەلیدە بۆ مانگی تشرینی یەکەم لەنێوان 11500 بۆ 13750یە؛ لە سلێمانی لەنێوان 6500 بۆ 7000 دینارە؛ لە هەڵەبجە لە هەموو شارەکان کەمترە کە لە نێوان 6000 بۆ 7000 هەزار دینارە.

رۆژی چوارشەممە، 01-11-2023، قارەمان مەولوود، بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، مانگی تشرینی یەکەم 300 کاژێر موەلیدە کاری کردووە و گازوایل بە 550 دینار بووە. لەسەر ئەو بنچینەیەش نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە لەنێوان 11 هەزار و 500 دینار بۆ 13 هەزار و 750 دینار دیاریکراوە.
 
بە گوتەی قارەمان مەولوود، کارەبای نیشتمانی لە هەولێر بەراورد بە شارەکانی دیکەی وەکو سلێمانی و دهۆک "خراپە"، ئەوەش وایکردووە موەلیدە زیاتر کار بکات و نرخەکەی بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە زیاتر بێت.
 
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی نرخی کارەبای موەلیدە رایگەیاند، لە نێو شاری سلێمانی نرخی ئەمپێرێک لەنێوان 6500 بۆ 7000 هەزار دینارە و بەهۆی جیاوازیی کارکردنی موەلیدەوە لە گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە، نرخی کارەباش جیاواز دەبێت.
 
لەبارەی خشته‌ی كارپێكردنی موه‌لیده‌، کارەبای سلێمانی دەڵێت، "گۆڕانکارى تێدا دەکرێت و موەلیدەکان تەنیا لەنێوان 12:00ـی نیوەڕۆ تاوەکو 1:00ـی شەو کاردەکەن، ئەگەر کارەباى نیشتیمانى کوژایەوە، واتە لە کاژێر 1:00ی بەرەبەیان تاوەکو 12:00ی نیوەڕۆ کارناکەن جگە لە بەیانیان کە 6:30 تاوەکو 8:00ـى بەیانى کاردەکەن. رۆژانى هەینى و پشووە فەرمییەکانیش بەیانیان کارناکەن لەبرى ئەوە کاژێر 11ـى پێشنیوەڕۆ کاردەکەن."
 
زووهرە یوسف، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە قایمقامییەتی هەڵەبجە ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی گوت، مانگی رابردوو موەلیدەکان لەنێوان 130 بۆ 135 کاژێر کاریانکردووە و نرخی ئەمپێرێک کارەباش لەنێوان شەش هەزار بۆ حەوت هەزار دینار بووە، بەراورد بە مانگی ئەیلوول نرخ کەمتربووەتەوە، چونکە کاژێرەکانی کارەباش کەمبوونەتەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی لە هەڵەبجە باشە. 
 
مانگی ئەیلوول، لە هەڵەبجە کاژێرەکانی کارەبای موەلیدە لەنێوان 165 بۆ 182 بوو؛ نرخی یەک ئەمپێریش لەنێوان هەشت هەزار بۆ 9500 هەزار دینار بووە.  

 

هەکار هرووری، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، مانگی رابردوو کارەبای موەلیدە 200 کاژێر کاری کردووە و نرخی ئەمپێرێک لە نێوان 5750 بۆ 10500 دیاریکراوە. 
 
لە پارێزگای دهۆک نرخی کارەبای موەلیدە بۆ مانگی ئەیلوول لەنێوان 3 هەزار بۆ 10 هەزار دیناربوو کە لە قەزای ئامێدی کەمترین بوو، ئەویش سێ هەزار دینار؛ جگە لەوێ کەمترین نرخ 6250 دیناربوو.