سەرۆککۆماری ئێران سەردانی سنە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران سبەی سەردانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، پارێزگاری سنەش داوا لە خەڵک دەکات پێشوازییەکی گەرمی لێ بکەن.
بەپێی میدیای ئێران، بڕیارە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران رۆژی پێنجشەممە (2-11-2023) سەردانی پارێزگای سنە بکات و چەندین پڕۆژە بکاتەوە.
ئیسماعیل زارعی کووشا، پارێزگاری سنە ئەمڕۆ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بە هەردوو زمانی کوردی و فارسی داوای لە خەڵکی ئەو پارێزگایە کرد، پێشوازییەکی گەرم لە ئیبراهیم رەئیسی بکەن و کاژێر 09:00 بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، لە مەیدانی ئازادیی سنە بۆ پێشوازیکردن ئاماد بن.
ئیسماعیل زارعی کووشا گوتی، "هەوڵدەدەین لەم سەردانەی سەرۆککۆماردا 14 تریلیۆن تمەن (نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار) پرۆژەی خزمەتگوازی، ئاوەدانکردنەوە، پیشەسازی، کشتوکاڵ، رێگەوبان، تەندروستی و گەشتیاری لە سنووری پارێزگای سنە پەسند بکرێت."
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، بڕیارە لەو سەردانەیدا، ئیبراهیم رەئیسی چەندین پرۆژەی گەورەی وەک فڕۆکەخانەی سەقز، هێڵی شەمەندەفەری سنە - هەمەدان، بەنداوی چراخ وەیسی سەقز، هەروەها کۆمەڵێک پڕۆژەی رێگەوبان، یەکەی نیشتەجێبوون، پیشەسازی و وەرزشی بکاتەوە.
جەعفەر تەوان، قایمقامی تایبەتی سەقز رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، دوای بە فەرمی کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەقز لەلایەن سەرۆککۆمارەوە، یەکەمین گەشتی ئاسمانی لە رێگەی ئەو فڕۆکەخانەوە رۆژی هەینی (3-11-2023) لە سەقزەوە بەرەو تاران دەکرێت.
هێڵی شەمەندەفەری هەمەدان - سنە، کە درێژییەکەی 151 کیلۆمەترە، بەشێکە لە پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری تاران - هەمەدان - سنە، کە درێژییەکەی 420 کیلۆمەترە و تێچووی پڕۆژەکەش دوو تریلیۆن و 400 ملیار تمەنە.
لە قۆناخی یەکەمدا، هێڵەکە لە توانایدایە ساڵانە 300 هەزار کەس و 600 هەزار تۆن شتومەک بگوازێتەوە؛ لە قۆناخی کۆتاییدا لە توانایدا دەبێت ساڵانە 600 هەزار کەس و سێ ملیۆن تۆن کەلوپەل بگوازێتەوە.
ئەمە دووەمین سەردانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێرانە بۆ پارێزگای سنە. یەکەم سەردانی رەئیسی بۆ سنە لە 8ـی تەمموزی 2022 بوو.