لە سلێمانی نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە لەنێوان حەوت بۆ نۆ هەزار دینارە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە سلێمانی مانگی رابردوو موەلیدە ئەهلییەکان لەنێوان 130 بۆ 155 کاژێر کاریان کردووە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای شارەکەش دەڵێت، "بۆ مانگی رابردوو نرخی ئەمپێرێک كاره‌بای موەلیدە لەنێوان 7000 دینار بۆ  9000 دینار دیاریکراوە."
 
رۆژی سێشەممە 01-11-2022 سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "به‌گوێره‌ی نرخی گازوایل، نرخی كاژێرێك ئەمپێری کارەبای موه‌لیدە بە 58 دینار دیاریكراوە، موەلیدە ئه‌هلییه‌كان بە تێکڕا لەنێوان 130 بۆ 155 كاژێر كاریان كردووە، بەمەش نرخی ئەمپێرێك كاره‌با لەنێوان 7000 بۆ 9000 دینار دەبێت، بەڵام نرخی ئەمپێرێک لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكه‌ جیاوازە به‌و پێیه‌ی به‌پێی ئه‌و پێوه‌ره‌ هه‌ژمار ده‌كرێت كه‌ بۆ موه‌لیده‌كان دانراوه‌ و كاژێری كاركردنیان تۆمار ده‌كات."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی، نرخی ئه‌مپێرێک کارەبای شوێنه‌ بازرگانییه‌كان و ناو بازاڕ زیاتر ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زیاتر كاریان كردووه.
 
لەبارەی خشتەی پێدانی كارەبای موه‌لیدە بۆ مانگی تشرینی دووه‌م، سیروان محەممەد گوتی، له‌ كاژێر 12:00ی نیوه‌ڕۆ بۆ 01:00ی شه‌و له‌گه‌ڵ 06:30 بۆ 08:00ی به‌یانی دەبێت.
 
هاوکات پێشەوا حەیدەر، سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگای هەڵەبجە بە رووداوی گوت، "دیاریکردنی نرخەکان لە نێوان سلێمانی و هەڵەبجە جیاوازییەکی زۆری نییە، لە هەڵەبجە نرخی کاژێرێک ئەمپێری کارەبای موەلیدە بە 60 دینار دیاری دەکرێت، موەلیدەکانیش بە تێکڕا نزیکەی 130 بۆ 140 کاژێر کاریان کردووە و نرخی ئەمپێرێک هەر نزیکەی حەوت بۆ نۆ هەزار دینار دەبێت، بەڵام بە فەرمی دیاریمان نەکردووە و سبەی بە فەرمی دیاریدەکرێت، ئەوەی کە دەڵێم بەرچاوڕوونییەکە کە هەڵەبجەش نزیکە لە سلێمانی و گۆڕانکارییەکان زۆر نابێت."
 
لە پارێزگای دهۆک هێشتا نرخی کارەبای موەلیدە دیارینەکراوە. بە گوتەی قارەمان مەولوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، تائێستا نرخی کارەبای موەلیدە لە پارێزگای هەولێریش دیارینەکراوە.
 
نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان مانگی رابردوو بەراورد بە مانگی پێشتر دابەزیوە، ئەویش بەهۆی فێنکبوونی کەشوهەوا، خەڵک کەمتر ئامێری فێنککەرەوە بەکاردەهێنن، جگە لەوەش گۆڕانکاری بەسەر خشتەی کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکاندا هاتووە.
 
لە مانگی ئەیلوولدا موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی لە 190 بۆ 210 کاژێر کارەبایان دابووە هاونیشتمانیان و بەگوێرەی ئەوەش نرخی ئەمپێرێک لەنێوان 12500 دینار بۆ 13500 دینار بوو.