پۆلیسی ورمێ: لە شەش مانگدا 373 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە سەرەتای نەورۆزەوە تاوەکو 21ی ئەیلوول، واتە لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە 25 هەزار رووداوی هاتووچۆ لەو پارێزگایە روویانداوە و بەهۆیەوە 373 کەس گیانیان لەدەستداوە.

رەحیم جەهانبەخش، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ، ئاماری شەش مانگی رابردووی رووداوەکانی هاتووچۆی لە پارێزگاکەدا ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگدا 25 هەزار و 114 رووداو روویانداوە.
 
بە گوتەی رەحیم جەهانبەخش، لە ئەنجامی ئەو رووداوانەدا 373 کەس گیانیان لەدەستداوە و 8 هەزار و 366 کەسیش بریندار بوونە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو ژمارەی بریندارەکان 15٪ زیادی کردووە.
 
رەحیم جەهانبەخش، هۆکاری رووداوەکانی هاتووچۆ دەگەڕێنێتەوە بۆ خێرایی لێخوڕین و پابەندنەبوون بە یاسا و رێوشوێنەکانی هاتووچۆ.
 
هەندێک لە بەرپرسانی ئێرانیش پێیان وایە خراپیی رێگاوبانەکان، کوالێتیی نزمی ئۆتۆمبیلەکان، رەچاونەکردنی رێوشوێنەکان، خەواڵوبوون، خێرایی و کەمتەرخەمی لە کاتی شۆفێریدا کاریگەرییان لە زیادبوونەی رووداوەکانی هاتووچۆدا هەیە.