وەزارەتی خوێندنی باڵا: کۆدی دەرچووە یەکەمەکانی ناوچەی 140 کاراکرا
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کارەکانی دەرچووە یەکەمەکانی ناوچەی 140 تەواو بووە و سەرجەم دەرچووان بۆ ماوەی پێنچ رۆژ کۆدەکانیان کاراکرا و لەمەودوا کاری دامەزراندنیان لای ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراقە، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە دادەمەزرێن.
رۆژی یەکشەممە، 01-10-2023، د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەفتەی رابردوو شاندێکی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بوون. کارمان لەسەر چارەسەرکردنی گرفتی دەرچووە یەکەمەکانی ناوچەی 140 دەکرد، کە تەنیا لەماوەی دوو رۆژدا 1500 کۆد کێشەکانیان چارەسەرکرا و کاراکرانەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەکرد، هەفتەی رابردوو بۆ ماوەی پێنج رۆژ کۆدی دەرچووان کاراکرا، کە لە سێ چین پێکهاتبوون بڕوانامە باڵاکان (ماستەر و دکتۆرا) 224 کۆد، سێ یەکەمەکان 1856 و دەرچووی تەندروستی و پزیشکی 2633 کۆد. ئێستا سەرجەم کارەکانی ئەو خوێندکارانە تەواوبووە ئەوەی ماوەتەوە بابەتی دامەرزاندنیانە، کە ئەوە لای ئەنجوومەنی راژەی عێراقەوە و بە ئەگەرێکی زۆریشەوە هەموویان دادەمەزرێن.
بڕیار بوو 10 هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان کە پلەی یەکەمیان بەدەستهێناوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابمەزرێن کە زۆربەیان دەرچووی ساڵانی 2017-2018 تاوەکو 2022-2023 بوون، بەڵام د. توانا نەجەف دەڵێت: "حکومەتی عێراق بڕیاریداوە لە چوارچێوەی بودجە تەنیا دەرچووانی ناوچەی 140 دابمەزرێنێت."
بڕیارە بەشێک لە خوێندکارە یەکەمەکانی سنووری ناوچەکانی مادەی 140 (کەرکووک، شنگال، مەخموور، خانەقین و چەند ناوچەیەکی دیکە) کە یەکەمی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان بوون، لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە دابمەزرێن.