فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا سنووری ئامێدی بۆردوومان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا کۆمەڵگەی مێرستەکی دەوروبەری سەنتەری قەزای ئامێدییان بۆردوومانکرد؛ دانیشتوویەکی ئەو کۆمەڵگەیە دەڵێت، زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی ماددی بەر سێ ماڵ کەوتووە.
رەمزی سەرگەلی، دانیشتوویەکی کۆمەڵگەی مێرستەکییە و بە رووداوی گوت: کاژێر 02:00ی بەرەبەیانی رۆژی شەممە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا کۆمەڵگەکەیانیان کردووەتە ئامانج. چەند مووشەکێک لە ماڵی سێ هاونیشتمانی کەوتوونەتە خوارەوە.
لەبارەی زیانەکانەوە، ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوەش کرد، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی ماددی بەر خانوو و ئۆتۆمبێلی سێ هاونیشتمانی کەوتووە. دەشڵێت: بۆردوومانەکە ترس و دڵەڕاوکێی بۆ خەڵکی ناوچەکە دروستکردووە.
لەبارەی بۆردوومانەکەوە پەیامنێری رووداو پەیوەندی کرد بە بەرپرسانی ئیدارەی ناوچەکەوە، بەڵام پەیوەندییەکان بێ وەڵام بوون.