چوونی خەڵک بۆ هەشت گوندی مێردین قەدەخە کرا
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری شارۆچکەی نووسێبین سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، بۆ ماوەی 15 رۆژ چوونی خەڵک بۆ هەشت گوندی قەدپاڵی چیای باگۆک قەدەخە کرا. قەدەخەکردنەکەش بەپێی یاسای سەربازی راگەیێندراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، کە لەلایەن پارێزگای مێردینەوە بڵاوکراوەتەوە، لە سنووری شارۆچکەی نووسێبین هەشت گوند بە ناوچە شاخاوییەکانی دەوروبەریانەوە وەکو "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندراون و بۆ ماوەی 15 رۆژ چوون و هاتنی خەڵک بۆ ئەو ناوچانە قەدەخە کراوە.
بڕیاری قەدەخەکردنەکە لە رۆژی 31ی ئاب دەستیپێکردووە و تاوەکو 14ی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.
ئەو گوندانەی بەپێی بڕیاری پارێزگا لە سنووری شارۆچکەی نووسێبین قەدەخە کراون بریتین لە هەریەکە لە خەرابێمشکا، قوتبی، بادبێ، هباب، سێدەریێ، خربێئبالا، سرینچک و مارین
پارێزگای مێردین رایگەیاندووە، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەستەبەرکردنی سەلامەتیی گشتی، رێگری لە تاوان و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی دیکە، ئەو ناوچانە وەکو ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون و داوای لە خەڵک کردووە بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆیان پابەندی بڕیارەکە بن و سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی هەواڵ، بە پاڵپشتیی هەلیکۆپتەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە ناوچە شاخاوییەکانی چیای باگۆک دەستیپیکردووە.
سوپای تورکیا لەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە گەریلاکانی پەکەکە لەسەر سنووری باکوور و باشووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان زیاد کردووە، بەو هۆیەوە قەدەخەی هاتووچۆ و ناوچەی ئەمنیی تایبەت لە ناوچەکەدا رادەگەیێندرێت.
پارساڵ لە سنووری پارێزگای مێردین بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە نۆ جار "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" راگەیێندراوە.