تورکیا گیانلەدەستدانی گەریلایەکی پەکەکەی لە سلێمانی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی فەرمیی تورکیا ئەمڕۆ هەینی 1ی ئەیلوولی 2023 بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگریی تورکیا - میت لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان کەسێكی بەناوی "رێزان گونگەن" ناسراو بە "رێزان بۆتان" کردووەتە ئامانج.
بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی، ئاژانسی فەرمیی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، رێزان گونگەن "لەلایەن پەکەکە بۆ ئەنجامدانی هێرش و تێکدان مەشقی پێکراوە" و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی میت کە لە گوندەوارێكی سلێمانی ئەنجامدرا، کراوەتە ئامانج.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، رێزان گونگەن لە لیستی ئەو کەسانەدا بووە، کە ئەگەری هەبووە چالاکی دژی تورکیا بکات. هەروەها دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی "بەهلول گونگەن" ناسراو بە "موراد بۆتان" لەگەڵ "گولەر گونگەن" ناسراو بە "روکەن بۆتان" کە خزمی نزیکی رێزان گونگەن بوون، لە ئۆپەراسیۆنەکانی رابردوودا کراونەتە ئامانج.
رۆژی شەممە 12-08-2023 کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـیی ئەمریکی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمساڵ تورکیا 82 شوێنی لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە، بەهۆیانەوە هەشت هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و سێی دیکە بریندار بوون."
کامەران عوسمان گوتیشی، "لەو هەشت کەسەی کوژراون، چواریان لە پارێزگای دهۆک و چواریان لە سلێمانی بوون، ئەو سێ کەسەی برینداریش بوون، دووانیان لە پارێزگای دهۆک و یەکێکیان لە پارێزگای سلێمانی بوون."
بەگوێرەی ئەو ئامارانە بێت کە رووداو لەو ئەندامەی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی وەریگرتوون، "لە ساڵی 2015ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ، بەهۆی بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیاوە، 147 کەس کوژراون و 219 کەس بریندار بوون، هاوکات 158 گوند بەتەواوی چۆڵکراون و زیاتر لە 600 گوند لە ژێر مەترسیی چۆڵکردندان، کە ژمارەی دانیشتووانیان زۆر کەمبووەتەوە، بەڵام چۆڵ نەبوون."