سوپای تورکیا هەڵدەکوتێتە سەر گوندێكی وان و دوو کەس دەکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
سەربازانی سوپای تورکیا هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک لە گوندێكی سەر بە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دوو گوندنشینیش دەستبەسەر کران.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی هەواڵ، پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 31-08-2023 سەربازانی سوپای تورکیا هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک لە گوندی چامیلی سەر بە شارۆچکەی قەلقەلی لە پارێزگای وان.
سەربازەکان گوندەکەیان گەمارۆ داوە و بۆ ماوەی دوو کاژێر و نیو ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام بووە.
لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا سەربازەکان بە چەکی قورس تەقەیان لە ماڵێک کردووە کە دوو کەسی تێدا بووە و بەو هۆیەوە دوو کەسەکە گیانیان لەدەستداوە.
تەرمی دوو کەسەکە لەژێر داروپەردوو دەرهێندراون، بەڵام نازانرێت ئەو دوو کەسە کێن و تەرمەکانیان بۆ کوێ بردراوە.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا گوندنشینێک بە ناوی "عومەر کڵچچەکەن" و "سامی کڵچچەکەن"ی لەلایەن سەربازەکانەوە دەستبەسەر کراون و براونەتە فەرماندەیی جەندرمەی قەلقەلی.
دوای رووداوەکە شاندێك، کە پێکهاتبوو لە گوڵجان کاچماز، سینان چیفتیورەک، مەحموود دیندار و زولکوف ئوچار پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز - یەسەپە لە بازنەی وان، ژمارەیەک لە ئەندامانی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە، بارۆی وان، لقی وانی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی، لقی وانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، بۆ چوونە شوێنی رووداوەکە بەڕێکەوتوون، بەڵام سەربازەکان رێگەیان پێنەداون بچنە ناو گوندەکە، بۆیە بە ناچاری گەڕاونەتەوە.