ئاسایشی سلێمانی: تۆمەتبارێکمان دەستگیرکرد کە لە تیکتۆک هەڕەشەی کوشتن و سەربڕینی بڵاودەکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک رادەگەیێنێت کە لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیدا لە تیکتۆک "درووشم و پەیامی گرووپی تیرۆریستانی داعش و هەڕەشەی کوشتن و سەربڕینی تێدا بڵاوکردووەتەوە."
بەپێی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی کە رۆژی پێنجشەممە 1-9-2022 بڵاویکردووەتەوە، ئەو تۆمەتبارە لە چەمچەماڵ بە تۆمەتی "سەر بە گرووپی تیرۆریستیی داعش" دەستگیرکراوە.
ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، دوای بڵاوبونەوەی چەند گرتەیەکی ڤیدۆی لەلایەن تۆمەتبار (م ، ع ، ع) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆکدا کە "درووشم و پەیامی گرووپی تیرۆریستانی داعش و هەڕەشەی کوشتن و سەربڕینی تێدا بڵاوکردووەتەوە" هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی لەوبارەیەوە دەستیان بە کۆکردنەوەی زانیاریی ورد کرد.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی ئاسایش ئاماژە بەوە دراوە کە ئەو تۆمەتبارەیان "لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا" لە 27-8-2022 له قەزای چەمچەماڵ لەلایەن هێزەکانیان لە ئۆپەراسیۆنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستگیرکردووە.
ئاسایشی سلێمانی دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردووە و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا "دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و چەندین گرتەی ڤیدۆیی لەناو مۆبایلەکەیدا دەستیبەسەردا گیراوە."
ئاسایشی سلێمانی دەشڵێت، لەبەر هەستیاری دۆسێکە و رەوتی لێکۆڵینەوە گرتە ڤیدۆییەکانی دیکە بڵاوناکەینەوە و پارێزراون.