نمایشی ئۆپنهایمەر لە هەولێر؛ 'پێویستە زیاتر لە جارێک سەیربکرێت'
رووداو دیجیتاڵ
ئیمپایەر سینەمای هەولێر ئەم هەفتەیە جمەی دێت لە خەڵک، فیلمە نوێیەکەی دەرهێنەر کریستۆفەر نۆلان بەناوی ئۆپنهایمەر بووە بە ئاگری سینەماکانی جیهان، کە فیلمێکی ژیاننامەیی هەستبزوێنە و باس لە جەی رۆبێرت ئۆپنھایمەری فیزیازانی ئەمریکی دەکات کە خاوەنی بیرۆکەی پەرەپێدانی یەکەمین چەکی ئەتۆمی بووە وەک بەشێک لە پڕۆژەی مانهاتن و لەدوای ئەوەوە جیهان پێی ناوەتە نێو سەردەمی ئەتۆم.
لەگەڵ ژمارەیەک گەنج و خوێندکار قسەم کرد کە سێ کاژێر سەیری ئۆپنهایمەریان کردووە، لویس لە بەشی ئەندازیاریی کیمیا دەخوێنێت، پێی گوتم ئەو فیلمە زۆر پەیوەندیدارە بە بەشەکەیەوە، بەڵام نایەوێت وەک ئۆپنهایمەر بیر لە دروستکردنی بۆمب بکاتەوە.
لویس دەڵێت، "پێموایە پێویست دەکات زیاتر سەیربکرێتەوە، چونکە فیلمەکە سیاسەتی زۆری تێدایە و تێگەیشتن لە زۆربەی ناوەکان قورس بوون؛ پێموایە گەنجەکان زۆر وابەستەی فیلمەکەن، چونکە چەندین پرسیار و نیگەرانی دەوروژێنێت کە خۆمان هەمانە. بۆ نموونە: نیگەرانییەکان لە دروستبوونی جەنگێکی ئەتۆمی؛ یان رۆڵی چەکە ئەتۆمییەکان چی دەبێت ئەگەر رۆژێک جەنگێکی دیکە بێتە ئاراوە."
حەوت گەنجی دیکەم بینی کە لە پیرمامەوە بەدەم نێوبانگی ئەو فیلمەوە هاتوون؛ یونس بارزانی یەکێک بوو لەوان، گوتی، "قسەی زۆرم لەسەر فیلمەکە دەبیست، کە شتی زۆر سەرنجڕاکێش لە فیلمەکەدا روودەدەن. شتی زۆر لەبارەی مێژوو و چەکی ئەتۆمی فێربووم، تۆمی ئەوەی نیشاندام ئەو چەکە چۆن دروستکراوە و چەنێک دەتوانێت کاریگەری بخاتە سەر ژیانمان."
سیدرا و دایک و باوکیشی بۆ سەیری فیلمەکە هاتبوون، سیدرا کچێکە کە سەرسامی فیزیایە، پێش دەستپێکردنی فیلمەکە ترەیلەرەکەی پێشانی دایک و باوکی دەدات. پێی گوتم، "هاوڕێکانم چوون و بینیان و پێیان گوتم زۆر سەرنجڕاکێش بووە. بۆیە بە باوکمم گوت بمهێنێتە ئێرە و سەیری بکەین. قورسە لە فیلمەکە تێبگەیت، بەڵام ئەگەر حەزت لە فیزیا بێت، ئاسان دەبێت بۆت بە خێرایی لێی تێبگەیت. کاژێری یەکەم قورسە و لە دواتردا ئاسان دەبێت و بە خێرایی تێدەگەیت."
ئەو فیلمە بە سیستمی ئای ماکس وێنەگیراوە کە سیستمێکی بەرز و پێشکەوتووی وێنەگرتنە و کریستۆفەر نۆلان زۆرترین دیمەنی راستەقینەی لە فیلمەکە بەکارهێناوە، رۆڵی سەرەکیی فیلمەکە دراوە بە کیلیان مێرفی. تاوەکو ئێستا لە هەموو سینەماکانی عێراق زیاتر لە 50 هەزار بینەری هەبووە.