سامانە سرووشتییەکان: لە ماوەیەكی زۆر كەمدا گرفتی كەمیی بەنزین چارەسەر دەكرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە ماوەیەکی زۆر کەمدا گرفتی کەمیی بەنزین چارەسەر دەکرێت، قایمقامی هەولێریش دەڵێت پێدانی بەنزینی حکومی بە شوفێران سنووردارکراوە بۆ ئەوەی هەمووان سوودمەندبن. بەڵام خاوەنی بەنزینخانەیەک لە هەولێر دەڵێت، رێکارەکانی هاوردەکردنی بەنزین قورس کراون، بۆیە نرخەکەی گران بووە.
رۆژی سێشەممە، 01-08-2023 وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا هەوڵەکان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمیی بەنزین چڕ کراونەتەوە. دوای رێگەپێدان لە 30/7/2023 بۆ هاوردەکردنی بەنزین لەلایەن كۆمپانیاکانەوە، مانگانە 71 ملیۆن لیتر بەنزین بۆ ناو هەرێمی كوردستان هاوردە دەکرێت و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا گرفتی كەمیی بەنزین چارەسەر دەكرێت، هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستیی بە 3 بۆ 3.5 ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، دوای هاوردەکردنی بەنزین، کێشەی کەمبوونەوەکە چارەسەر کراوە."
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، هۆکاری گرانبوونی بەنزین بۆ بەغدا دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی حكومەتی عێراق لە 10/7/2023 پشكی هەرێمی كوردستانی لە پێدانی بەنزین بڕیوە، قەیرانی كەمیی خستنەڕووی بەنزینی لێکەوتووەتەوە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی خواست لەسەر بەنزین."
رۆژی سێشەممە، 01-08-2023 نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەنزینی حکومی سنووردارکراوە بۆ ئەوەی هەمووان سوودمەندبن، هەر کەسێک بۆی هەیە تەنیا بایی 30 هەزار دینار کە 40 لیتر دەکات بەنزین بکڕێت."
هەرچەندە لایەنی پەیوەندیدار دەڵێن ئاسانکاریی کراوە بۆ هاوردەکردنی بەنزین، بەڵام مەڕوان یاسین، خاوەنی بەنزینخانە لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا رێگە نادرێت بەنزین هاوردە بکەین، هەندێک کات دەڵێن دەبێت نووسراو بکەیت یاخود بازرگانێکی گەورە بێت و ئەوەندە هەزار لیترە بهێنیت، رێکار و رێنماییەکان هێندە قورس کراون تەنیا بازرگان دەتوانێت بەنزین بهێنێت، ئەگەرنا ئێستا رێگەبدەن لەخواروو بەنزین هاوردە بکەین ئەوە 100 بۆ 200 دینار بەهای بەنزین نزمدەبێتەوە."
مەڕوان یاسین دەشڵێت، "ئەگەربچینە پارێزگای هەولێر دەڵێن بڕۆن بەنزین هاوردە بکەن، کە هاوردەی دەکەین لە بازگەکان ناهێڵن داخڵی بکەین دەڵێن نووسراوی رێگەپێدانمان نییە، لەکاتێکدا ئەوە پێنج رۆژە نووسراو دەرکراوە و دەڵێن، هەموو کەس دەتوانێت بەنزین هاوردە بکات."
لەبارەی نرخی بەنزینی بازرگانی مەڕوان یاسین گوتی، بەنزینی نۆرماڵ بە 1125، موحەسەن 1310، سوپەر بە 1470 دینارە."
بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت، "هەر بازرگانێک بیەوێت، دەتوانێت بچێت بەنزین هاوردەبکات و لە بازگەکانیش رێگرییان لێ ناکرێت، لە سلێمانی تەنیا یەک ئاستەنگمان لە پێشە کە سووتەمەنی بە گشتی کەمبووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش نرخەکان باشن، بەنزینی نۆرماڵ بە 900، موحەسەن 1100 و سوپەر بە 1250 دینارە."
هەروەها ئەحمەد جەلال، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر رێگەمان پێ نەدەدرا لە هەولێریش بەنزین بهێنین، بەڵام ئێستا بازگەکان دەڵێن، هەر کەسێک نووسراوی فەرمی هەبێت دەتوانێت بەنزین هاوردە بکات."
بەنزینی حکومی 750 دینار تاوەکو ئێستا لە پارێزگای دهۆک دابەشدەکرێت، ئەحمەد جەلال دەڵێت، لە نزیکەی پێنج بۆ شەش بەنزینخانە دابەشدەکرێت، بەڵام هەندێک کات کە بەنزین کەم دەبێتەوە بڕەکەی دیاری دەکەن، واتا هەر کەسێک دەیتوانی نزیکەی 30 بۆ 40 لیتر بەنزین بکڕێت، ئێستاش بڕیاری نوێیان لەوبارەوە پێ نەگەیشتووە.
سەبارەت بە نرخی بەنزینیش لە دهۆک، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی دهۆک دەڵێت: "لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە 1150، موحەسەن 1290 و سوپەر بە 1500 تاوەکو 1550 دینارە".