کردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دواخرا

رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی قەزای دەربەندیخان رایگەیاند، کردنەوەی تونێلی دەربەندیخان بەهۆی وشکنەبوونەوەی قیرتاوی دووسایدی بەردەم تونێلەکە بۆ رۆژی پێنجشەممە دواخرا. 
 
رۆژی سێشەممە، 01-08-2023 سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوو سایدی بەردەوام تونێلەکە قیرتاو کراوە و بەهۆی پلەی گەرماوە قیرتاوەکە خۆی نەگرتووە و وشکنەبووەتەوە، بۆیە کردنەوەی تونێلەکە بۆ کاژێر 6:00ـی بەیانی رۆژی پێنجشەممە دواخرا. 
 
قایمقامی قەزای دەربەندیخان گوتیشی، لەکاتی داخستنی تونێلەکەدا تەنیا ئۆتۆمبێلی بچووک رێگەی پێدەدرێت بە چیای بەراناندا هاتووچۆ بکات و بارهەڵگرەکانیش دەتوانن رێگەی سەنگاو بەکاربهێنن.
 
کاژێر 06:00ـی بەیانی رۆژی دووشەممە،31ـی تەممووز، بەهۆی قیرتاوکردنی شەقامی دووسایدی بەردەم تونێلەکە هاتووچۆکردن راگیرا و بڕیاربوو سبەی چوارشەممە کاژێر 06:00ـی بەیانی هاتووچۆ لە تونێلەکەدا دەستپێبکاتەوە.
 
تونێلی دەربەندیخان، لە ساڵی 1954 لەلایەن دوو کۆمپانیای ئیتاڵی و فەرەنسییەوە دروستکراوە و درێژییەکەی نزیکەی 800 مەترە؛ جگە لە قەزای دەربەندیخان، قەزا و ناحییەکانی ئیدارەی گەرمیان، قەزای خانەقین و ناحیەی گوڵاڵەش بە سلێمانەوە دەبەستێتەوە.