لە ئامەد ماڵی خێزانێكی سووریایی سووتێندرا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئامەد ـی باکووری کوردستان ماڵی خێزانێكی سووریایی لەلایەن دوو کەسەوە سووتێندرا، تیمەکانی پۆلیس هەوڵی دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسە دەدەن.
رووداوەکە درەنگی شەوی یەکشەممە 30ـی حوزەیران لە گەڕەکی کاینارتەپە لە شارۆچکەی رەزان لە ناوەندی شاری ئامەد روویداوە.
ئەو خێزانە سووریاییە کە خاوەنی سێ منداڵن. لە کاتی رووداوەکەدا بە منداڵەکانیانەوە لە ماڵەکە هاتنە دەرەوە و خۆیان رزگار کرد.
دوای ئاگادارکردنەوەیان تیمەکانی پۆلیس، تەندروستی و بەرگریی شارستانی چوونە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکە کوژێندرایەوە.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا پۆلیس ناسنامەی دوو کەسی دەستنیشان کرد کە ئاگریان لە ماڵەکە بەرداوە و هەڵاتوون، کە هەردووکیان سووریایین.