کچێکی 11 ساڵان لە حەمدانیەوە دەستێکی رۆبۆتیک دروستدەکات کە بە AI کاردەکات

رووداو دیجیتاڵ


ستێلا کچێکی تەمەن 11 ساڵە و لە خەمخۆریی بۆ خاوەن پێداویستییانی تایبەت، لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە پەلی دەستکردی دروستکردووە بۆ یارمەتیدانیان. 
 
ئەو، وەک بچووکترین بەشداربوو لە حەمدانیەوە بانگهێشتی یەکەمین کۆنفرانسی ژیریی دەستکرد کرا، کە ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە هەولێر سازکرا. 
 
ستێلا نوور، خاوەن پڕۆژە بە رووداوی گوت "پڕۆژەکەم دەستێکی رۆبۆتێکە و سێ رەهەندییە، بە ژیریی دەستکرد کاردەکات."
 
وەک بچووکترین بەشداربووی کۆنفرانسەکە دەڵێ "دەستە رۆبۆتییەکە لە رێگەی کامێرایێکەوە کاردەکات، بیرۆکەی ئەم پرۆژەیەم لەوەوە بۆ هات کە یارمەتیی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بدەم، چونکە دەبینم لە ژیانی رۆژانەیاندا رووبەڕووی زەحمەتیی دەبنەوە." 
 
لە کۆنفرانسەکە 600 میوان و کەسانی شارەزا لە بواری ژیریی دەستکرد بەشدار بوون، 17 دکتۆر و پرۆفیسیۆر قسەیان کرد.
 
کارایی ژیریی دەستکرد لە بوارەکانی  پەروەردە، تەندروستی، ئەندازیاری، مێژوو، هەلیکار و ئاسایشی سایبەری تەوەری گفتوگۆ بوون، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ستراتیژیەتی ژیریی دەستکرد پانێلێکی پێشکەشکرد و باسی لە توانای گەنجانی عێراق و کوردستان لە بواری ژیریی دەستکرد کرد.
 
زیا جومەیلی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ستراتیژیەتی ژیریی دەستکرد گوتی "ئێمە لە داهاتوودا ژیریی دەستکرد دەخەینە سیستمی خوێندنەوە، واتە سیستمەکەمان بەهێزدەکەین. بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە کاردەکەین. لە هەمان کاتدا، سێ یانە دەکەینەوە لە بەغدا و لە هەولێر، کە یانەی تایبەت بە ژیریی دەستکردن بۆ ئەوەی زانیاریی و ئەزموون لە بارەی ژیریی دەستکرد پێشكێش بە دەرچووان بکەین."
 
یەکەمین کۆنفرانسی ژیریی دەستکرد لە کوردستان و عێراق بە هاوبەشیی دامەزراوەی ڤیژێن ئیجوکەیشن رێکخرابوو، ئامانج لە کۆنفرانسەکە سوودوەرگرتن لە ژیریی دەستکرد بوو.