قایمقامی سۆران: بە بەهای زیاتر لە 140 ملیار دینار پڕۆژە جێبەجێدەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای سۆران دەڵێت، بە بەهای زیاتر لە 140 ملیار دینار پڕۆژە لە سنوورەکە جێبەجێدەکرێن، ئەوەش شارەکە دەباتە قۆناخێکی دیکەوە.
رەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای سۆران ئەمڕۆ (شەممە، 1-6-2024) میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات.
رەجەب زوبێر رایگەیاند "ئەو پڕۆژانەی سەرۆکوەزیران لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردی بناخەی دانان، رۆڵێکی گرنگیان لە پێشخستنی ژێرخان دەبێت، لەوانە پردی دەروازەی سۆران، شەقامی 40 مەتری و دوو پارک کە گوژمەی پارەکە بۆیان زیاتر لە 140 ملیار دینارە".
قایمقامی قەزای سۆران گوتیشی "بە تەواوبوونی ئەم پرۆژانە، سۆران دەچێتە قۆناخێکی دیکەوە و دەبێتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری لە ناوچەکەدا."
رەجەب زوبێر ئاماژەی بەوەش کرد، رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی کارگەیەکی ریسایکلین بۆ سنووری سۆران بۆ چارەسەرکردنی گرفتی لەنێوبردنی زبڵ و خاشاک دراوە.
قایمقامی قەزای سۆران رایگەیاند، ساڵی رابردوو کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزارییان بۆ شارەکە لە گەڕەکەکانی کۆڕەک، بارزان، کانی، ئەیلوول، وەستا رەجەب، جوندیان و برادۆست جێبەجێکرد.
گوتیشی "شەقامی 20 مەتری کەورین و شەقامی 20 مەتری کۆڕەک، جێبەجێ دەکرێن و ئەو گەڕەکانەش کە پێشتر گوند بوون، خراونەتە سنووری ماستەرپلانی شارەوانییەوە و بە قۆناخ پرۆژەیان بۆ جێبەجێ دەکرێت."
لەبارەی داواکاری بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەوی سندووقی، رەجەب زوبێر دەڵێت "لە ماوەی رابردوودا زیاتر لە 1500 داواکاریمان پێشکێش کراوە؛ زیاتر لە 700ـیان تەواوکراون و بە زووترین کات وەڵامی داواکارییەکان دەدرێتەوە."
چەند هاونیشتمانییەک پەیوەندییان بە رادیۆی رووداوەوە کرد، باسیان لەوە کرد ئەوان "ئاژەڵداری کۆچەرین و گەرمیان و کوێستان دەکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا رێگەپێدانیان بۆ نەکردووین بۆ ئەوەی بچینە کوێستانەکان."
قایمقامی قەزاکە گوتی "لیژنەی باڵای ئەمنی لە سۆران بەمنزیکانە رێنمایی دەردەکات کە سەلامەتیی ژیانی ئەو کۆچەرییانە لەبەرچاودەگرێت، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکان."