وەزارەتی شارەوانی: 82٪ـی هاوبەشانی ئاو پێوەری ئاویان بەستووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، "82٪ـی هاوبەشانی ئاو پێوەری ئاویان بەستووە." بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "لێخۆشبوونی کرێی بەستنی پێوەری ئاو تاوەکو 21ـی حوزەیران بەردەوامە."
رۆژی پێنجشەممە، 01-06-2023 وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ژمارەی هاوبەشانی ئاو لە هەرێمی كوردستان یەک ملیۆن و 30 هەزار و 408 هاوبەشە، کە 850 هەزار و 330 هاوبەش پێوەری ئاویان بەستووە و بە گشتی تائێستاش بەستنی پێوەر گەیشتووەتە 82%."
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لێخۆشبوون لە بەشێکی کرێی بەستنی پێوەری ئاو تاوەکو 21ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت."
بەگوێڕەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، کرێی بەستنی پێوەر لە سەنتەری پارێزگەکان بۆ 20 هەزار دینار و لە قەزا، ناحیە و ئەو شوێنانەی كە پێویستە پێوەری لێ ببەسترێت بۆ 10 هەزار دینار داشكێنراوە. فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو داوا لەو هاوبەشانەی ئاو دەكەن كە پێوەریان نییە، "هەتا دەرفەت ماوە سەردانیان بكەن و مامەڵەی لێخۆشبوون لە كرێی بەستنی پێوەر بكەن."
رۆژی 29ـی ئایار، بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر رایگەیاند، بەفەرمانی وەزارەتی شارەوانی ماوەی لێخۆشبوونی 15٪ـی کرێی هاوبەشانی ئاو، تاوەکو 21ـی حوزەیران درێژکرایەوە. بڕیاربوو، 10ـی حوزەیرانی 2023 لێخۆشبوونی کرێی ئاو کۆتایی بێت، بەڵام بە فەرمانی وەزارەتی شارەوانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە درێژکرایەوە.