کارەبای سلێمانی: 50٪ـی کارەبای دووکانەکانی نێو بازاڕ کراوەتە پریپەید
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی دەڵێت، چوار شوێنی سلێمانی کراوە بە سیستمی پریپەید و کاری پێدەکرێت، ئێستاش بەشێکی زۆری بازاڕی سلێمانی (عەلوە) کراوە بەو سیستمە.
رۆژی پێنجشەممە، 01-06-2023، بەڕێوبەرایەتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند: "50٪ـی دووکانەکانی نێو بازاڕی سلێمانی ئامێرى کارتى کارەبایان (پریپەید) وەرگرتووە."
سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا چوار شوێنی نێو شاری سلێمانی کراوە بە سیستمی پریپەید، ئەوانیش بەرزاییەکانی سلێمانی، بەرزاییەکانی قەیوان، قەیوان سیتی و پاشا سیتی."
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی، هەنگاو نراوە بۆ ئەوەی عەلوەی سلێمانیش بکرێتە سیستمی پریپەید و وردە وردە سیستمەکە جێبەجێ دەکەن.
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان پێیوایە لە رێگەی سیستمی پریپەیدەوە کێشەی وەرگرتنی کرێ و قەرزی کارەبا لە نێوان وەزارەتی کارەبا و هاوبەشانی کارەبا چارەسەر دەکرێت و وەزارەتی کارەبا بودجەیەکی باشتری بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی لەبەردەستدا دەبێت.
هەر ئەمڕۆ ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە رووداوی گوت: ''لەم سیستمەدا هاوبەشانی کارەبا، لەپێشەوە پارەکەی دەدەن کە ئەپلیکەیشنێک لە مۆبایلەکانیاندا دەبێت و دەتوانن لەو رێگەوە چاودێریی بەکارهێنانی وزەی کارەبا بکەن؛ وەک خۆی دەڵێت، هاووڵاتییان رۆژانە دەبینن چەند کیلۆوات لەو کارەبایەی کە پێشتر کڕیویانە، بەکارهێنراوە و پلانێک بۆ بەکارهێنانی دابنێن."
سیستمی پریپەیدی کارەبا، سیستمێکە یەکەی کارەبای تێدایە بەشێوەیەک کاردەکات هاوبەشانی کارەبا لە رێگەیەوە کارتی پڕکردنەوەی باڵانسی کارەبا دەکڕن و لە رێگەی سیمکارتەوە پڕدەکرێتەوە.