نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە بۆ مانگی ئایار لە هەولێر بە 6,750 و لە دهۆک بە 5,000 دیاریکرا
رووداو دیجیتاڵ
لە نێو شاری هەولێر نرخی کارەبای موەلیدە بۆ مانگی ئایار لە نێوان چوار هەزار بۆ شەش هەزار دینارە. لە سەنتەری دهۆکیش نرخی ئەمپێرێک بە پێنج هەزار دینار دیاریکراوە. لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەش رۆژی یەکشەممە نرخی کارەبای موەلیدە دیاری دەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 01-06-2023 قارەمان مەولوود، بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، مانگی رابردوو موەلیدە ئەهلییەکان نزیکەی 100 کاژێر کاریان کردووە، نرخی ئەمپێرێک لە نێو شاری هەولێر لە نێوان 4750 بۆ 6750 هەزار دینار دیاریکراوە.
لەبارەی نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە لە دەوروبەری شاری هەولێر قارەمان مەولوود گوتی: "ئێمە بەگوێرەی کاژێرەکانی کارەبا نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە دیاری دەکەین، ئەوانەی دەرەوەی شار کاژێری زۆریان بۆ هاتووەتەوە، هەیە 200 و هەیە دەڵێت، 300 کاژێر کاری کردووە، بۆیە نرخمان دیاری نەکردووە و دەمانەوێت سەرەتا لەوە دڵنیاببینەوە، رۆژی یەکشەممە لە نرخی کاژێرەکانی کارەبا دڵنیادەبینەوە ئەگەر راست بوو ئەوکات نرخیان بۆ دیاری دەکەین و ئەگەر راست نەبوو، بەراستی لێپرسینەوە لەگەڵ پەیوەندیدارەکان دەکەین."
لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە نرخی کارەبای موەلیدەی مانگی ئایار رۆژی یەکشەممە دیاری دەکرێت.
لە دهۆک موەلیدە ئەهلییەکان لە مانگی ئایاردا 89 کاژێر کاریان کردووە، هەکار هرووری، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە رووداوی گوت: "مانگی ئایار کارەبای نیشتمانی باش بووە بۆیە موەلیدە ئەهلییەکان کەمتر کاریان کردووە، بەهای گازوایل بە 575 دینار دیاریکراوە و نرخی ئەمپێرێک کارەبا لە نێوان 3250 و 5000 هەزار دینارە."