سەرۆکی یەکێتیی پیاوان: لە چوار مانگدا 196 پیاو لەلایەن ژنانەوە تووندوتیژییان بەرامبەر کراوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتی پیاوانی کوردستان رایگەیاند لە چوار مانگی ئەمساڵدا 196 پیاو لەلایەن ژنانەوە تووندوتیژییان بەرامبەر کراوە سێ پیاو لەلایەن ژنانەوە کوژراون، دەشڵێت" بەهۆی کێشە ئابوورییەکان و کاریگەریی خراپی سۆشیاڵ میدیا و بڵاوبوونەوەی چەک، توندوتیژی دژ بە پیاوان و ئافرەتانیش زیادیانکردووە."
بورھان عەلی، سەرۆکی یەکێتی پیاوانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی ئاماری یەکێتییەکەیان تووندوتیژی ئافرەتان دژی پیاوان لە ئاستێکی بەرزدا ماوەتەوە، لەو بارەیەوە روونیکردەوە: "بەپێی لێژنەکانی تۆمارکردن و بەدواداچوونی کەیسەکان لە یەکێتی پیاوانی کوردستان، لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 196 جۆری سکاڵا و توندوتیژی دژ بە پیاوان لە سەرجەم لق و نووسینگەکەماندا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، بەداخەوە 17 پیاو خۆیان کوشتووە و سێ پیاویش لەلایەن ژنانەوە کوژراون.
سەبارەت بە شێوازەکانی تووندوتیژییەکانی دژ بە پیاوان لەلایەن ژنانەوە، بورهان عەلی گوتی: "تووندوتیژیی جەستەیی، دەرکردن لە ماڵ، دەست بەسەرداگرتنی مووچەکەی لەو تووندوتیژیانەن کە تۆمارکراون."
بورهان عەلی ئاماژە بە هۆکارەکانی تووندوتیژی دەدات و دەڵێت: "هۆکارەکان زۆرن، قەیرانی دارایی و زیادبوونی پێداویستیییەکانی خێزان کاریگەرییەکی راستەخۆی لەسەر زیادبوونی تووندوتیژییەکان هەبووە، جگە لەوە بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا بەشێوەیەکی خراپ هۆکارێکی دیکەیە، هەروەها بەشێک لە راگەیاندنەکانیش هۆکارن، کێشە خێزانییەکان فەرامۆش کراون."
سەرۆکی یەکێتی پیاوان هۆشداریی لە پەخشکردنی فیلمە دۆبلاژکراوەکانی هەندێک لە وڵاتان کە دابونەریتیان لەگەڵ دابونەریتی کوردەواری ناگونجێت دا و گوتی لە دراماکانی بیانی کە لە بەشێک لە کەناڵەکانی هەرێمی کوردستانەوە پەخشدەکرێن ژن هەیە لەگەڵ دوو سێ پیاو پەیوەندیی هەیە و ئەمەش وایکردووە خیانەتی هاوسەریش لە هەرێمی کوردستان زیادبێت.
سەبارەت بە هۆکارەکانی دیکەی کێشەکانی نێوان هاوژینەکان کە دواتر کێشەکان گەورەتر دەبن و بەشێکیان دەبێتە هۆکاری کوشتن، سەرۆکی رێکخراوی یەکێتی پیاوانی کوردستان رایگەیاند" هۆکارەکانی کێشە خێزانییەکان زۆرن لەوانە بە پلەی یەکەم دەستوەردانی کەسوکاری ژن و مێرد کە بەداخەوە ئێستا دەستوەردانەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نین، بەڵکو کێشەکان گەورە دەکەنەوە، ئێستا 60٪ی کێشە خێزانییەکان کە دەچنە دەستی دوو و سێ و ماڵەباوان بە گەورەبوونی کێشەکە و ناخۆشی کۆتایی پێدێت نەوەک بە پێچەوانەوە."
باسی لەوەشکرد کە بەکارهێنانی منداڵ لەلایەن ژنانەوە دژ بە پیاوان دوای جیابوونەوەیان یەکێکی دیکەیە لەو کێشانەی رێژەی بەرزیان تۆمارکردووە، لەوبارەیەوە گوتی: "بەپێی یاسای باری کەسیی عێراق و هەرێمی کوردستان کوڕ تاوەکو 18 ساڵ و کچ تاوەکو شوو دەکات مافی نەفەقەی هەیە، کەچی لە کوردستاندا هەزاران باوکمان هەیە بەبڕی 150 بۆ 250 و تاوەکو 400 هەزار دیناریان لە مووچەکانیان لێدەبڕێت، بەڵام بە شەش مانگ منداڵەکانیان نابینن."
لەبارەی دەرکردنی پیاوانەوە لە ماڵەوە گوتی ساڵانە 35 بۆ 50 پیاو لەلایەن ژنەکانیان دەردەکرێن و لە هۆتێل و شوێنەکانی دیکە دەمێننەوە، بەهۆی ئەوەی ئێستا جۆرێک هاوسەرگیریی پەیدابووە کچی تەمەن کەم شوو بە پیاوانێک دەکەن تەمەنیان زۆرە و دوای دەست بەسەرداگرتنی موڵک و ماڵەکەی دەریاندەکەنە دەرەوە، یان جۆرەکەی دیکە ئەوەیە پیاوان کە دەگەنە سەروو تەمەنی پەنجا ساڵییەوە ئیدی ژنان بە هاوکاری منداڵەکانیان دەریاندەکەنە دەرەوە و دەست بەسەر ماڵ و موڵکیدا دەگرن و پیاوانیش بە ناچاری لە هۆتێل و شوێنەکانی دیکە دەمێننەوە."
بەپێی ئاماری یەكێتی پیاوانی کوردستان لەساڵی 2020دا 553 جۆری سکاڵا و تووندوتیژی بەرامبەر بە پیاوان تۆمارکراون، 91 پیاو خۆیان کوشتووە، هەشت پیاو لەلایەن هاوژینەکانیانەوە بە هاوکاریی کەسانی دیکە کوژراون، هەروەها 37 کەیسی دەرکردنی پیاوی بەتەمەن تۆمارکراون، لەگەڵ 52 کەیسی خیانەتی هاوژینی و 11 کەیسی تووندوتیژیی جەستەیی و 20 کەیسی گوشاری دەروونی و سێکسی و 9 کەیسی دەستبەسەرداگرتنی مووچە.
هەروەها لە ساڵی 2021دا 68 پیاو خۆیان كوشتووە، 521 سكاڵا تۆماركراون، شەش پیاو لەلایەن ژنانەوە بە هاوكاری كەسانی دیكە کوژراون، 31 پیاو دەرکراون، 47 ژن خیانەتیان لە پیاوەکانیان کردووە. 219 منداڵ لەلایەن ژنانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە، شەش پیاو مووچەکانیان لەلایەن ژنەکانیانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و هەشت پیاویش لەلایەن ژنەکانیانەوە ئەشکەنجەدراون.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، لە ساڵی 2021دا لە هەرێمی کوردستان 24 ژن کوژراون و 61 ژنیش خۆیان کوشتووە.
رێکخراوی یەکێتی پیاوانی کوردستان لەساڵی 2008 دامەزراوە، ئەو توندوتیژییانە تۆمار دەکات کەلەلایەن ژنانەوە دژ بە پیاوان دەکرێت، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بۆ هەردوو رەگەز لەبارەی ماف و ئەرکەکانییانەوە.