وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی لایەنەکان دژی دواخستنی هەڵبژاردن نین

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان گرنگە، ئەگەر بۆ گەیشتنی لایەنەکان بە رێککەوتن پێویست بەوە بکات هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کەمێک دوابخرێت، ئەمریکا لەدژی ئەم دواخستنەی هەڵبژاردن نییە.
 
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ (چوارشەممە، 1-5-2024) لەبارەی پرسی دواخستنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند ''ئێمە ئاگادارین کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێویستی بە هەندێک کاتە بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی لایەنەکان دانوستاندنی لەبارەوە دەکەن.''
 
ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداویشی راگەیاند ''پێمان وایە رێککەوتنێک لەنێوان لایەنە سیاسییەکان گرنگە، بۆیە ئەگەر بۆ گەیشتن بەم رێککەوتنە پێویست بە کەمێک دواخستنی هەڵبژاردن بکات، ئەمریکا لەدژی نییە.''
 
ئەم گوتانەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێکدان، رۆژی سێشەممە ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی پرسی دواخستنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ''ئێمە، ئاگادارین کە سەرۆک [نێچیرڤان] بارزانی و دەسەڵاتدارانی دیکە، بە شێوەیەکی چالاکانە بیر لە هەنگاوی داهاتوویان دەکەنەوە. با ئەو پرۆسەیە لەسەر رێچکەی خۆی بڕوات پێش ئەوەی قسەی لەسەر بکەین."
 
پاتێل گوتیشی، ئێمە هانی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەدەین کاتێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دیاری بکەن، بەجۆرێک هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و متمانەپێکراو بێت.